ئەمریکا بنکەیەکی سەربازیی دیکە لە رۆژئاڤای کوردستان دروستدەکات
هێزەکانی ئەمریکا وەک هەنگاوێک بۆ جێگیرکردنی هێزەکانیان لە کێڵگەكانی نهوت له سوریا بنکەیەکی سەربازیی دیکە بنیات دەنێن، هەروەها ئاڵای ئەمریکایان لەسەر خاڵێکی سەربازیی بەرزکردوهتەوە کە لەژێر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دایە لە پارێزگای حەسەکە.
هێزەکانی ئەمریکا کە لەو ناوچانەی سوریا جێگیربون کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئازادکراوە،لە 18ی کانوونی دوەمەوە تا ئێستا پێنج جار رێگرییان لە هێزەکانی روسیا كردوه له چونە ناو کێڵگەی نەوتیی رومێلان لە باکوری رۆژهەڵاتی پارێزگای حەسەکە و ناچار بە گەڕانەوەیان کردون.
ئاژانسی ئانادۆڵ-ی تورکی لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، هەوڵەکانی روسیا بۆ گەیشتن بە کێڵگەی نەوتی رومێلان بەردەوامە، ئەوەش لەکاتێکدایە هێزەکانی ئەمریکا دەستیانکردوە بە بنیاتنانی بنکەیەکی سەربازیی لە شارۆچکەی تەل بەراک کە دەکەوێتە سەر رێگای کێڵگەکە به دوری 40 کم له باکوری رۆژهەڵاتی شاری حەسەکە.
بەوتەی سەرچاوەکە، هێزەکانی ئەمریکا لەمیانی چەند هەفتەی دواییدا لە رێگەی دەروازەی سنوری وەلید چەندین ئامێر و کەرەستەی بیناسازییان لە عێراقەوە گواستوەتەوە بۆ سوریا.
باسی لەوەشکردوە، هێزەکانی ئەمریکا ئاڵایان لەسەر تاوەرێک لە ناوەڕاستی شارۆچکەکە بەرزکردوەتەوە، هەروەها بە بەردەوام هێلیکۆپتەرەکانیان بەسەر ئەو ناوچەیەدا دەسوڕێتەوە کە بنکە سەربازییەکەی تیادا بنیات دەنرێت.
ئاژانسەکە باس لەوەشدەکات، سوپای ئەمریکا كه هێزهكانیان له کێڵگەكانی نەوت له پارێزگای دێرەزور بڵاوهپێكردوه، ئەو باڵەخانەیەی کە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی لێیە لە گەڕەکی غوێران لە شاری حەسەکە كردوهته خاڵێکی سەربازیی ئەمریکی، ئامانج لەم هەنگاوانە ئەوەیە ئەمریکا نیازی ئەوەی هەیە شاری حەسەکە بکاتە ناوەندێک بۆ بەڕێوەبردنی کێڵگەكانی نهوت.
هێزەکانی ئەمریکا لە 11 بنکە و خاڵی سەربازیی لە ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دان، لە هەریەک لە حەسەکە، رەققە و دێرەزور.
خەندان
