دادگای سلێمانی ڕوونکردنەوە لەبارەی گومانەکانی دۆسیەی کوژرانی ئامانج بابانی دەدات
ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی شوباتی ٢٠٢٠، جەبار ئەحمەد، بەڕیوەبەری بەڵگەکانی تاوان لە هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرای کرد کە بەهۆی ئەوەی جگە لەم حەوت فیشەکەی دەزگا ئەمنییەکان وەک شوێنەواری دەمانچەکەی ئامانج بابانی ئاماژەیان پێ داوە، چوار قەوانی دیکەش هەن کە چارەنووسیان ئاشکرا نەکراوە، گومان دەکرێت کەسێکی دیکەش لەنێو تاوانەکەدا هەبێت و رەنگە تاوانەکە کوشتن بێت نەک خۆکوشتن، بۆیە داوای کرد، سەرلەنوێ لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە دەست پێبکاتەوە.
لە بەرامبەردا عومەر ئەحمەد، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای فەرمیی یەکێتی، بە توندی ڕەخنەی لە بەڕێوەبەری بەڵگەکانی تاوان گرتووە و گوتوویەتی: ”جگه له یاسا، هیچ كه‌سێك سه‌روه‌ر نییه به‌سه‌ر بڕیاره‌كانی دادگاوه و بۆی نییه هیچ جۆره تانه و ته‌علیقێك له‌سه‌ر بڕیاره‌كانی دادگا بدات، جگه له‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی داواكه خۆیان بۆیان هه‌یه به‌پێی یاسای بنه‌مای دادگه‌رییه سزاییه‌كان، ئه‌گه‌ر به‌دڵیان نه‌بوو، لایه‌نه‌كانی دۆسییه‌كه یان داواكاری گشتی، تانه‌ی یاسایی لێبده‌ن“.
هەرچەندە ڕووداوەکە لە ئێوارەی ساڵڕۆژی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەردا ئەنجام درا، بەڵام گوتەبێژەکەی سه‌رۆكایه‌تیی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی سلێمانی دەڵێت: ”رووداوه‌كه شه‌وی 15 له‌سه‌ر 16ی ئۆکتۆبەری 2019 ڕووی داوە“، ئەمەش نازاندرێت کە ئاخۆ بۆچی ئەوان ڕۆژی ڕووداوەکەیان وەکوو خۆی نەگوتووە.
ئەو دادوەرەی سلێمانی جەختی کردووەتەوە: ”له هیچ كه‌سێكی قەبووڵ ناکەین، گوته‌ی گوماناوی و كۆنگره‌ی گوماناوی و هه‌ڵسه‌نگاندنی بڕیاره‌كانی دادگا به شێوازی گوماناوی بكات و بیروباوه‌ڕی خه‌ڵك به دادگاكانی هه‌رێم كه‌م بكاته‌وه، یاخود متمانه‌ی دادگاكان لای خه‌ڵك كه‌م بكاته‌وه، ئێمه ئه‌مه به تاوانێك ده‌زانین و ئه‌و كه‌سه تاوانێكی ئه‌نجامداوه، بۆیه وایدابنێت ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌یه‌ك هه‌یه، ئه‌وه ئەرکە له‌سه‌ری به‌رزی بكاته‌وه و بینێرێت بۆ داواكاری گشتی و بۆ سه‌رۆكایه‌تیی داواكاری گشتی تاوەکوو بیخه‌نه به‌رده‌م دادگا، نه‌وه‌ك له خۆیه‌وه له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا باسی بکات“.
پاش کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی کۆتایی هەفتەی رابردووی بەڕێوەبەری بەڵگەکانی تاوان، محەمەد نووری، باوکی ئامانج بابانی بە (باس‌نیوز)ی راگەیاند کە کوڕەکەی ئەو ئێوارەیەی ڕووداوەکە تێیدا ڕووی داوە، جلی زستانەی بۆ کوڕەکەی کڕیوە، ”ئیتر خۆکوشتنی چی؟“. داواشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، مافی کوڕەکەی بۆ وەربگرێتەوە.
ئێوارەی ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان بە گەرمی باسیان لە ساڵڕۆژی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ی گرووپێکی نێو یەکێتی دەکرد، لە سلێمانییەوە کەناڵی (NRT) هەواڵی تیرۆرکردنی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەکەی بڵاو کردەوە، هەر ئەوکاتە ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە ”تیرۆرکردن“ ناوی هێنا و ئیدانەی ڕووداوەکەی کرد، بەڵام دواتر دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی چەندان هەوڵیان دا تاوەکوو سەرەنجام ئامانج بابانییان بە بکوژی هاوسەر و منداڵەکەی و خۆیشی ناساند، دواجاریش ئەوەتا دادگای سلێمانیش هاوشێوەی دەزگا ئەمنییەکان، کار بۆ کۆتاییهێنان بە باسکردنی کەیسەکە دەکات.
هێشتا بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان گومانیان لەو ئەنجامانە هەیە کە دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی لەبارەی کەیسی کوژرانی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەکەی بڵاویان کردووەتەوە.
باسنيوز
