دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی: زانیارییەکانی بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستان سەرلەبەری ناڕاستن

دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی: زانیارییەکانی بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستان سەرلەبەری ناڕاستن
سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی لەبارەی گوتەکانی بەڵگەی تاوانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەسەرسوڕمان و گومانەوە دەڕواننە ئەو کۆنگرە رۆژنامەڤانییەی بەڕێوەبەری گشتیی بەڵگەی تاوانی هەرێمی کوردستان ئەنجامیدا، چونکە لە رووی یاساییەوە ئەرکی ئەو نییە و ئەو زانیارییانەی خستوونیەتیەڕوو "سەر لەبەری ناڕاستن".

حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی وەڵامی بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستانی سەبارەت بە کەیسی کوژرانی ئامانج بابانی و هاوژین و منداڵەکەی دایەوە کە گوتبووی، "لەوانەیە کەیسەکەی خۆکوژی نەبووبێت".

حاکم عومەر ئەحمەد رایگەیاند، ئەو زانیارییانەی بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا خستییەڕوو سەرلەبەری لە رووی زانستی و یاساییەوە ناڕاستن، چونکە هیچ کەس داوای لە بەڕێوەبەری گشتیی بەڵگە و تاوانی هەولێر نەکردووە کە یارمەتی بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگە تاوان بدات و زانیاری و ورد و هونەری بخاتەڕوو.

سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی لە شەوی رووداوەکەوە دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە و لە 18-12-2019 بڕیاری کۆتایی لە کەیسەکەدا دەرکرد و دادگا گەیشتە ئەو بڕیارەی کارەکە خۆکوژی بووە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ جەبار ئەحمەد شەریف، بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "دوای بەدواداچوونێکی تەواو بۆ بەڵگە ماددییەکان و پشکنینەکان، هەستمانکرد کە حەوت قەوانی فیشەک لە جۆری نمرە 9 لەکاتی رووداوەکە هەڵگیراوەتەوە لەلایەن ئەو کەسانەی کە لێدوانیانداوە کە گوللەکان لەیەک دەمانچە تەقیوون کە دەگەڕێتەوە بۆ کەسی کوژراو ئامانج بابانی، ئێمە لە تاقیگەی بەڵگەکانی سلێمانی پشکنینمان بۆ ئەم حەوت قەوانەکرد و بۆمان دەرکەوت سێ لەو قەوانانە بەڵی بە دڵنیاییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەمانچەیەی کە دەستیبەسەردا گیراوە (دەمانچەکەی ئامانج بابانی)، بەڵام چوار لە قەوانەکان بە دەمانچەیەکی دیکە تەقێنراوە کە ئەم دەمانچەیە دەستی بەسەردا نەگیراوە و دیارنییە".

لەوبارەیەوە حاکم عومەر ئەحمەد رایگەیاند، "بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستان کەیسەکەی بینیبێت دەزانێت وانییە، چونکە لە راپۆرتی بەڵگەی تاواندا هاتووە حەوت قەوان لە نێو ئۆتۆمبێلەکە هەڵگیراوەتەوە کە بە دەمانچەی کەسەکە خۆی (ئامانج بابانی) تەقێندراوە، چوار فیشەکیشیان کاتێک کە مەفرەزەکانی ئاسایش گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە چوار قەوان و مۆبایلێکیان هەڵگرتووەتەوە لە شوێنی رووداوەکە کە خۆیان ئەو چوار فیشەکەیان بۆ بڵاوەپێکردنی ئەو خەڵکەزۆرەی لەو ناوچەیە کۆببوونەوە تەقاندووە". ئاسایش خۆیان قەوانەکانیان هەڵگرتووەتەوە و تەسلیم بە بنکەی پۆلیسی سەیوانیان کردووە.

لەبارەی ئەوەی ئایا کەیسەکە جارێکی دیکە دەکرێتەوە یان بە داخراوی دەمێنێتەوە، حاکم عومەر گوتی، هەرکەسێک هەر بەڵگەیەکی نوێ دەکەوێتە بەردەستی پێویستە بینێرێت بۆ سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، یان بۆ خودی دادگاکە. دواتر دادگا سەیری بەڵگەکان دەکات، ئەگەر لە هەر کاتێکدا خاوەنی کەیسەکە یان داواکاری گشتی بە لێکۆڵینەوەکە رازی نەبوون دەتوانرێت تانەی یاسایی لێبدرێت. ئەگەر بەڵگەی نوێش هەبێت دادگا لاری نییە کەیسەکە بنێرێت بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان. ئەگەر کێشەیەکی یاسایی هەبێت، ئەوان دەتوانن بڕیاری دادگای لێکۆڵینەوە هەڵبوەشێننەوە.

بەگوتەی سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی ئەو کۆنگرە رۆژنامەڤانییە "بۆ چەواشەکردنە و ناکرێت لەو رێگەیەوە باوەڕی خەڵک بە بڕیاری دادگا، سەروەری یاسا و دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەبێ هۆ لەقبکرێت".


شەوی چوارشەممە 16-10-2019 له‌ نزیک تێرمیناڵی شاره‌زوور،‌ ئامانج بابانی و لانە محەممەدی هاوژینی و منداڵه‌كه‌یان لە رووداوێکدا گیانیان لەدەستدا کە دواتر پۆلیسی سلێمانی رووداوەکەی بە خۆکوژی ناوبرد.

رۆژی 29-01-2020 دادگای سلێمانی بە شێوەیەكی كۆتایی دۆسیەی كوژرانی ئامانج بابانی، لانە محەممەدی هاوژینی و هامنۆی كوڕی داخست و رایگەیاند "رووداوی گیانله‌ده‌ستدانەکەیان کردەوەی خۆکوژی بووە".
Top