سوورگاز: لە 72 کاژێری داهاتوو بە دەنگی بووتڵە غاز لە کۆڵانەکان لێناگەڕێین بخەون

سوورگاز: لە 72 کاژێری داهاتوو بە دەنگی بووتڵە غاز لە کۆڵانەکان لێناگەڕێین بخەون
کۆمپانیای سوورگاز بەڵێن بە هاونیشتمانیان دەدات، ئەگەر رێگریان لێنەکرێ لە ماوەی 72 کاژێری داهاتوودا بریکارکارەکانی غاز لە کۆڵانەکان بە هەمانشێوەی پێشوو لێنەگەڕێن خەڵک بخەوێت و بەهەمان نرخی پێشووش غاز بە هاونیشتمانیان دەفرۆشن بەبێ ئەوەی یەک دینار زیاد بکرێت.

شێخ بەكر سدیق، خاوەنی کۆمپانیای سوورگاز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، روونکردنەوەیەکی دا سەبارەت بەو ئاستەنگانەی لە چەند رۆژی رابردوو بەرەوڕوویان بووەتەوە و رایگەیاند: "وەکو خاوەنی کۆمپانیای سوورگاز، بەپێویستم زانی روونکردنەوەیەک بخەمەڕوو بۆ ئەوەی ئەگەر لە پێش ئێمەدا ئەو کۆمپانیایەی پێشوو یان هەر خەڵکێک بە هەر شێوەیەک، بە چەواشەکاری لەسەر ئەو ئیشە قسەی کردبێت یاخود ویستبێتی راستییەکان بەلاڕێدا بەرێت، ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی بۆ هەموو لایەکی بسەلمێنین، کە درۆ دەتوانێت چەند کاژێرێک و چەند رۆژێک راستییەکان بشارێتەوە، بەڵام تاوەکو کۆتایی ناتونێت راستییەکان بشارێتەوە".

بەكر سدیق دەڵێ: "کۆمپانیای سوورگازمان لە ساڵی 2014وە بە فەرمی دامەزراندووە و لە بواری غازدا کاردەکەین و مۆڵەتی کۆگای غازەکەمان ژمارە یەکی بەسەرەوەیە، ئەمەش جێگەی شانازییە کە ژمارە 1ی مۆڵەتی کۆگای غازمان پێدراوە. لە ساڵی 2014وە ئەوە سێیەمین تەندەرە کە بەشێوەیەکی فەرمی و لە زیادکردنی ئاشکرادا بۆمان دەرچووە".

خاوەنی کۆمپانیای سوورگاز باسی لە گرێبەستێکی "نایاسایی" کۆمپانیای پێشوو لەگەڵ داناغاز کرد و گوتی: "بڕیاربوو لە 31-12-2019 لە کاژێر 12ی شەو دەستبەکار ببین بۆ ماوەی ساڵێک، بە فەرمیش لە 20ی مانگ نووسراومان بۆ دانا غاز کردووە و ئامادەیی خۆمان پیشانداوە بۆ ئەوەی لەکاتی خۆیدا دەستبەکار ببین، ئەوانیش وەڵامی ئێمەیان داوەتەوە کە ماوەی مانگێکیان بۆ کۆمپانیای پێشوو درێژکردووەتەوە جا بە هەر هۆکارێک بێت، بەڵام ئێمە هۆکارەکەی نازانین. بەڵام دواتر دەرکەوت لە شاریقە، کۆمپانیای پێش ئێمە بۆ ماوەی مانگێک گرێبەستەکەیان لەگەڵ کۆمپانیا نوێکردووەتەوە، پارەی ئەو مانگەشیان داوە کە بۆیان تازەکراوەتەوە، بۆ ئەو ماوەیەشی کە تازەکراوەتەوە بڕی پارەکەی بە جیاوازی لەگەڵ کۆمپانیاکەی ئێمە بۆ هەر تۆنێک 33 دۆلارە، ئەگەر جارانی 30 رۆژ بکرێت بۆ 30 هەزار تۆن، دەکاتە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار، ئێمە نازانین ئەمە لەبەر چ هۆکارێکە، بەڵکو بەجێی دەهێڵین یاسا".

سەبارەت بەوەی دەگوترێت کۆمپانیاکەیان هۆکاری گواستنەوەی غازیان نییە، بەكر سدیق گوتی: "ئێمە رۆژانە لە ماوەی 24 کاژێردا 50 بۆ 52 تەنکەر بار دەکەین، لەکاتێکد 80 تەنکەرمان بۆ ئامادەکردووە. بەڵام لەدوای ئەوەی لە 1-2ـەوە دەستبەکاربووین، واتە لە یەکەم رۆژ کۆمەڵێک ئاستەنگ هاتە پێشمان لەڕووی ئەوەی خەڵکانێک نا بەرپرسانە رێگایان دەگرت، لەوەتەی ئێمە دەستبەکاربووینە دیاردەی تەقەکردن لە تەنکەرەکانمان زیادیکردووە. ئەوەی گومانیش بۆ ئێمە دروستدەکات کۆمپانیای پێشووە کە گومان دەکەین بەو پارەیەی بەدەستیهێناوە گرووپی جیاجیای دروستکردبێت بۆ ئەوەی ئاستەنگ بخاتە بەردەم هەر کۆمپانیایەک لەدوای ئەو دەستبەکار دەبێت".

خاوەنی کۆمپانیای سوورگاز ستایشی رۆڵی هێزە ئەمنییەکانی کرد لە پاراستنی بارهەڵگرەکانیان و گوتی: "دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەکان و ئاسایش و هێزەکانی گاز و نەوت دەکەم دەستی یەک بە یەکیان ماچ دەکەم".

لەبارەی کۆتاییهێنان بەو قەیرانەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو دروستبووە، شێخ بەكر سدیق گوتی: "بە دڵنیاییەوە لە 72 کاژێری داهاتوودا، ئەگەر رێگریمان لێنەکرێت و هێزە ئەمنییەکان بەو شێوە ماندوو نەناسانە کاری خۆیان بکەن، بەڵێن دەدەم چۆن لە پێشوودا بریکارەکان لە کۆڵانەکان نەیاندەهێشت خەڵک بەدەنگی بووتڵی غازەکان بخەوێت بە هەمان شێوەی لێدێتەوە بەهەمان نرخی پێشووش غاز بە هاونیشتمانیان دەفرۆشرێت بەبێ ئەوەی یەک دیناری زیاد بکرێت".
Top