سەرۆك بارزانی لەبارەی توندوتیژی و دواپەرەسەندنەكانی عێراق پەیامێكی بڵاوكردەوە
لە پەیامەكەی سەرۆكدا هاتووە "زۆر نیگەرانین لە پەرەسەندنی توندوتیژی و ڕووداوە خوێناوییەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی بەغدا و نەجەف و زۆر بە توندی ئیدانەی خوێنڕێشتن و كوشتن و بەكارهێنانی توندوتیژی لەدژی خۆپێشاندەران دەكەین".
هەروەها دەڵێ "داوا دەكەین حكوومەتی عێراقی و دامودەزگای ڕەسمی و پەیوەندیدارەكان ئەركی خۆیان لە ڕێگەگرتن لە خوێنڕێشتن و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و خۆپێشاندەران جێبەجێ بكەن. پێویستە لایەنە سیاسییەكانیش بۆ گەییشتن بە چارەسەر، بە زمانی عەقل و مەنتیق مامەڵە لەگەڵ ئەو قەیرانە قووڵە بكەن كە بەرۆكی عێراقی گرتووە".
سەرۆك بارزانی لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوە داوە "پشتیوانی خۆمان بۆ داوا ڕەواكانی خۆپێشاندەران و هاووڵاتیان دووپات دەكەینەوە و، سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیان و شەهیدانی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق دەكەین و هیوای چاكبوونەوەی خێرایش بۆ برینداران دەخوازین".
باسنيوز
