بەشێک لە قوتابییانی بەشی یاسای زانکۆکان دوو ڕێگە دەخەنە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا

بەشێک لە قوتابییانی بەشی یاسای زانکۆکان دوو ڕێگە دەخەنە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا
بەشێک لە قوتابییانی بەشی یاسا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان رای دەگەیەنن، بەهۆی بڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەمان ئەو مامەڵەیان لەگەڵدا نەکراوە کە لەگەڵ قوتابییانی دیکەی یاسا کراوە، بۆیە دوو ڕێگە دەخەنە بەردەم وەزارەتەکە.

لە یاداشتێکدا کە قوتابییانی بەشی یاسای زانکۆی هەڵەبجە بە ناوی سەرجەم قوتابییانی بەشی یاسا ئاراستەی وەزیری خوێندنی باڵایان کردووە، ئاماژەیان بەوە داوە کە لە ماوەی ڕابردوودا سیستەمی خوێندنی بەشی یاسا لە چوار ساڵەوە کراوە بە دوو ساڵ و دەرچوونیش لەسەر ٦٠٪ و ساڵانەش دوو وانە بە شێوەی وزاری، کەچی ئێستا دەنگۆی ئەوە لەئارادایە کە سیستەمەکە وەک پێشوو ئاسایی کراوەتەوە.

قوتابییانی بەشی یاسا داوایان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە، یەکێک لەم دوو ڕێگەیە هەڵبژێرێت:
١- ئەو قوتابییانەی یاسا کە بە سیستەمی پێنج ساڵی و ڕێژەی دەرچوونی ٦٠٪ دەخوێنن، بڕیاری گەڕاندنەوەی سیستەمەکە بۆ چوار ساڵی بیانگرێتەوە.
٢- ئەگەر بڕیارەکە نەیانگرێتەوە، ئەوا ئەو بڕوانامەیەی کە بە پێنج ساڵ خوێندن وەری دەگرن، بە دیبلۆمی باڵا بۆیان هەژمار بکرێت، چونکە ئەوان ساڵێک زیاتر خوێندوویانە و خۆیان بە شایستە دەزانن.

تاوەکوو ئێستا نازاندرێت وەزارەتی خوێندنی باڵا هەڵوێستی بەرامبەر بەم داواکارییەی قوتابییانی بەشی یاسای سیستەمی پێنج ساڵی چی دەبێت.














باسنيوز

Top