ئاسایشی کەلار دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری بە دراوی ساختەوە ڕاگەیاند
عوسمان عەبدولكەریم، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئاسایشی گەرمیان، رايگەیاند: "پاش ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا چەند حاڵەتێكی ساغكردنەوەی دراوی ساختە لە بازاڕەكانی شاری كەلار و گەرمیان ڕوویان داوە، دەستبەجێ هێزەكانی ئاسایشی كەلاری سەر بە بەڕیوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان توانیان لە پاش چاودێریكردن و كۆكردنەوەی زانیاریی ورد و لێكۆڵینەوە و لە ئەنجامدا ڕێکەوتی 30/12/2019 دوو تۆمەتبار بە ناوەكانی (س. ا. ع) لەدایكبووی 1993 و (ش.م.ح) لەدایكبووی 1999 دەستگیر کران".
ئاماژەی بەوەش کرد لە كاتی دەستگیركردنشیاندا بڕی (1.175,000) یەك ملیۆن و سەد و حەفتا و پێنج هەزار دیناری ساختەی عێراقی و (500) دۆلاری ساختەی ئەمریكییان پێوە گیراوەو لە كاتی لێكۆڵینەوەدا هەردوو تۆمەتبار كە بە ڕەگەز كوردن و دانیشتووی ناحیەی(رزگاری)ی قەزای كەلارن دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە و لە لایەن دادوەری لێكۆڵینەوەوە بەپێی ماددەی(281) ی.س ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە."
باسنيوز
