هۆڵەندا بەڵێنیی دابینكردنی پارە بۆ نۆژەنكردنەوەی قەڵای شێروانە دەدات

هۆڵەندا بەڵێنیی دابینكردنی پارە بۆ نۆژەنكردنەوەی قەڵای شێروانە دەدات
جێگری بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان ڕای دەگەیەنێت جێگری كونسوڵی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان، سەردانی قەڵای شێروانەی كردووە و بەڵێنی دابینكردنی پارە بۆ تەواوكردنی پرۆسەی نۆژەنكردنەوەی بەشە زیانلێكەوتووەكانی قەڵاكەی داوە.

ساڵح محەمەد سەمین، جێگری بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان، ڕايگەیاند "ئەمڕۆ پێنجشەممە 6/2/2020، پرێنس كلاوسی هۆڵەندی جێگری كونسوڵی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی نۆژەنكردنەوەی قەڵاكە و چۆنێتی خەرجكردنی بڕی ئەو پارەیەی لەماوەی ڕابردوودا لەلایەن ڕێكخراوێكی هۆڵەندییەوە بۆ نۆژەنكردنەوەی قەڵاكە دابین كرا، سەردانی قەڵای شێروانەی كردووە".

گوتیشی: "جێگری كونسوڵی هۆڵەندا بەڵێنیی دا لەگەڵ هەمان ڕێكخراو، یان هەر ڕێكخراوێكی دیكەی هۆڵەندی قسە بكات بەمەبەستی دابینكردنی پارە بۆ تەواوكردنی پرۆسەی نۆژەنكردنەوەی تەواوی بەشە زیانلێكەوتووەكانی قەڵاكە".

شەوی 12/11/2018 بوومەلەرزەیەكی بەهێز بەگوڕی 7.3 پلە بەپێی پێوەری ڕێختەر شارەكانی هەرێمی كوردستانی لەرزاند و بەو هۆیەوە بەشی سەرەوەی قەڵای شێروانە ڕووخا و دواتر لەلایەن ڕێكخراوێكی هۆڵەندییەوە نۆژەن كرایەوە.

قەڵای شێروانە لە دەروازەی شاری كەلار دروست كراوە، یەكێكە لە بینا ناوازە و گرنگەكان لەسەر ئاستی بینا كەلەپووری ‌و شوێنەوارییەكانی كوردستان، قەڵاكە پێكهاتووە لە دوو نهۆم ‌و ژێرزەمینێك بە چەندین یەكەی بیناسازی گرنگ ڕازاوەتەوە، لەگەڵ چەندین نەخش ‌و نیگاری سەرنجڕاکێش كە هەندێ بەشی قەڵاكەی پێ ڕازێنراوەتەوە، نەخشەكانیش بریتین لە دیمەنی ڕووەكی ‌و ئاژەڵی ‌و ئەندازەیی، مێژووی قەڵاكە بەپێی زۆر كنە و پشكنین و سەرچاوەكان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1866 ـ 1874) كەلەسەر دەستی (محەمەد پاشای جاف) دروست كراوە.

بەپێی گێڕانەوەكان قەڵای شێروانە لە ساڵانی 1925 و 1935 نۆژەن كراوەتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئەرشیفەوە هیچ بەڵگەیەك لەبەردەستدا نییە لەو بارەیەوە، بە نزیكیش لە ساڵانی 1989 و 1998 نۆژەن كراوەتەوە.










باسنيوز


Top