باوکی ئامانج بابانی: تازە کوڕەکەم بۆ ناگەڕێتەوە بەڵام داوا لە حکوومەت دەکەم حەقەکەی وەربگرێتەوە

باوکی ئامانج بابانی: تازە کوڕەکەم بۆ ناگەڕێتەوە بەڵام داوا لە حکوومەت دەکەم حەقەکەی وەربگرێتەوە
باوکی ئامانج بابانی، ئەو ڕۆژنامەنووسەی کە لە ڕووداوێکی گوماناویدا لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکەی کوژران، داوا لە حکوومەت دەکات، مافی کوڕەکەی وەربگرێتەوە و دەڵێت: ”دوژمنایەتیم پێ ناکرێت“.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦ی شوباتی ٢٠٢٠، جەبار ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڵگەکانی تاوان لە هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا رای گەیاند کە ئەوان گومان لە ڕووداوی کوژرانی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەکەی دەکەن و بەهۆی نادیاریی چارەنووسی چوار قەوان لە ڕووداوەکە، گومانێک هەیە کە ڕووداوەکە کوشتن بێت نەک خۆکوژی، بۆیە داوای کرد سەرلەنوێ لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە دەست پێ بکاتەوە.

لەمبارەیەوە محەمەد نووری، باوکی ئامانج بابانی، ڕايگەیاند: "ھەرچەندە دۆسیەی ئامانج بابانی لە دادگای سلێمانی داخراوە، بەڵام ئێمە وەکوو خانەوادەکەی، لەگەڵ بۆچوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانین، ئەگەر حکوومەت لەسەر دۆسیەی کوڕەکەم بانگم بکات، تەنھا دەڵێم، ئێوە دەتوانن ھۆکاری سەرەکیی ڕووداوی گیان لەدەستدانی ئامانج بابانی و ھاوسەر و منداڵەکەی بدۆزنەوە“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە ”من تازە بەم تەمەنەوە دوژمنایەتیم پێ ناکرێ و کوڕەکەشم بۆ ناگەڕێتەوە، تەنھا حکوومەت دەتوانێ ھەقەکەیم بۆ وەربگرێتەوە".

باوکی ئامانج بابانی دووپاتی دەکاتەوە کە کوڕەکەی لە ژیانیدا چەکی بەکار نەهێناوە و ”ئازاری چۆلەکەیەکیشی نەداوە“. بۆیە بە پێویستی دەزانێت، دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا بە جددی کار لەسەر دۆسیەکە بکات، تاوەکوو ڕاستیی ڕووداوەکە ڕوون بێتەوە. گوتیشی: ”ھەرچەند تازە کوڕەکەمان بۆ ناگەڕێتەوە، بەڵام دەمەوێت شەرەفی ڕاستەقینەی ڕۆژنامەنووسێکی کورد بگەڕێتەوە".

محەمەد نووری باسی لەوە کرد، گومانێکی زۆریان لە ڕووداوەکە هەیە، بەڵام ”گومانی بێدەسەڵاتی سوودی نییە، ئامانجی کوڕم ئەو ئێوارەیەی تووشی ڕووداوەکە بووە، لە مۆڵێکی سلێمانی جلوبەرگی زستانەی بۆ منداڵەکەی کڕیوە، ئیتر خۆکوژی چی؟ کێ دەتوانێت لەماوەی چەند دەقەیەکدا سێ کەس بکوژێت؟“.

ئێوارەی ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان بە گەرمی باسیان لە ساڵڕۆژی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ی گرووپێکی نێو یەکێتی دەکرد، لە سلێمانییەوە کەناڵی (NRT) هەواڵی تیرۆرکردنی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەکەی بڵاو کردەوە، هەر ئەوکاتە ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە ”تیرۆرکردن“ ناوی هێنا و ئیدانەی ڕووداوەکەی کرد، بەڵام دواتر دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی چەندان هەوڵیان دا تاوەکوو سەرەنجام ئامانج بابانییان بە بکوژی هاوسەر و منداڵەکەی و خۆیشی ناساند.

هێشتا بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان گومانیان لەو ئەنجامانە هەیە کە دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی لەبارەی کەیسی کوژرانی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەکەی بڵاویان کردووەتەوە.











باسنيوز



Top