بەڕێوەبەرێکی کارەبا لە سۆران: لە بڕینی سەرپێچییەكاندا جیاوازی لە نێوان كەسدا ناكەین
ئەندازیار فەیسەل حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "هەڵمەتی لابردنی زێدەڕۆیی و بڕینی سەرپیچییەكانی سەر تۆڕی كارەبای نیشتمانی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی كارەبای سۆران دەستی پێ كردووە و هەموو ماڵ و شوێن و كەرتێك دەگرێتەوە و جیاوازی لە نێوان كەسدا ناكرێت، واتە چ بەرپرسێك، یان هاووڵاتییەكی ئاسایی بێت، دەبێ سەرپێچییەكانی سەر كارەبای لاببردرێت و جیاوازی لە نێوان کەسدا ناکەین".
گوتیشی: "تیمەكانمان بە هاوكاریی لایەنە پەیوەندیدارەكانی شار و شارۆچكەكانی سنوورەكەمان، بەردەوام دەبن لەسەر ئەم هەڵمەتە و لادانی زێدەڕۆییەكانی سەر تۆڕی كارەبا، ئەمەش لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكەوەیەوە، لەڕووی گەڕاندنەوەی داهات بۆ حكوومەت و چارەسەركردنی كێشەی بارگرانی لەسەر تۆڕەكانی كارەبا".
ماوەی چەند ڕۆژێکە لە سنووری پارێزگای هەولێر و بەتایبەت سۆران و ڕاواندز و چەند قەزایەکی دیکە هەڵمەتی بڕینی زێدەڕۆیی و سەرپێچییەکانی سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی دەستی پێ کردووە و لەم هەڵمەتدا بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا و هێزە ئەمنییەکان پێکەوە هاوکاریی یەکتر دەکەن.
باسنيوز
