لەنێوان بازیان و چەمچەماڵ تەقە لە تانکەرێکی گواستنەوەی غاز دەکرێت

لەنێوان بازیان و چەمچەماڵ تەقە لە تانکەرێکی گواستنەوەی غاز دەکرێت
کۆمپانیای سورگاز رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لەنێوان بازیان و چەمچەماڵ تەقە لە تانکەرێکیان کراوە، ئەوەش کاتێک ویستوویەتی غاز بگوازێتەوە.

رێباز شێخ سدیق، خاوەنی کۆمپانیای سورگاز راگەیاند، " ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 05-02-2020 لە رێگەی نێوان بازیان- چەمچەماڵ و کاتێک ئۆتۆمبێلێكمان کە بە بەتاڵی چووە بۆ کێلگەی غاز تاوەکو غاز بهێنێت، تەقەی لێکرا و ئۆتۆمبێلەکەمان پەکیکەوت".

رێباز شێخ سدیق ئاماژەی بەوە کرد، "ئۆتۆمبێلەکەمان لەلایەن سێ کەسەوە تەقەی لێکراوە کە جلوبەرگی مەدەنییان لەبەردا بووە و ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتای دەبڵیان پێبووە. پاش پەکخستنی ئۆتۆمبێلەکەمان رایانکردووە، تەنیا زیانی ماددیی لێکەوتووەتەوە".

ئیسماعیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان راگەیاند، ئەو تەنکەرە دوای بەتاڵکردنەوەی غازەکەی لە سلێمانی، لەکاتی گەڕانەوەیدا لەنێوان بازیان و چەمچەماڵدا تەقەی لێکراوە.

بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان ئاماژەی بەوە کرد، شۆفێری ئەو تەنکەرە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پۆلیسی نەوت و غاز گەڕاوەتەوە کە دەبوو ئەوانی ئاگاداربکردایەتەوە تاوەکو بۆ پارێزگاری لەگەڵیدا بوونایە.

کۆمپانیای سوورگاز، رۆژانە لەڕێگەی 50 تانکەرەوە لە کێڵگەی غازی کۆرمۆرەوە غاز بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان دەگوازێتەوە، پێشتر لەڕێگەی کۆمپانیایەکی دیکەوە بە 150 تانکەرەوە کارەکە رادەپەڕێنرا.

لە دووی شوباتی 2020ـەوە کۆمپانیای سوورگاز دەستی بە کار کردووە. وەکو بەرپرسانی کۆمپانیاکە باسی دەکەن، شەوانە زیاتر لە سێ جار رێگە لە تانکەرەکانیان دەگیردرێت و تەقەیان لێدەکرێت.
Top