پارێزگاری هەولێر: تاوەکو سێ رۆژی دیکە کێشەی غاز چارەسەر دەبێت

پارێزگاری هەولێر: تاوەکو سێ رۆژی دیکە کێشەی غاز چارەسەر دەبێت
پارێزگاری هەولێر وادەی تەواوەتی چارەسەربوونی کێشەی غاز رادەگەیێنێت و دەڵیت سێ رۆژی دیکە کێشەکە چارەسەر دەکرێت.

فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئەمڕۆ چوارشەممە 5-2-2020 رایگەیاند: "ماوەی سێ رۆژە غازی شلی ماڵان بە ئاسایی دەگاتە هەولێر، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ قایمقامیەتەکان و چاودێری بازاڕ و کارگەی غاز، لەگەڵ هەر بریکارێک پۆلیسمان داناوە بۆ ئەوەی نەفرۆشرێتەوەو بگاتە دەستی هاووڵاتیان، ئەمڕۆش لە هەموو گەڕەکەکانی هەولێر و بۆ قەزاکان غاز چووە و دابەشدەکرێت".

پارێزگاری هەولێر داوای لە هاونیشتمانیان کرد پشوو درێژ بن و گوتی: "ئەگەر هیچ دۆخێکی نەخوازراو کە لە دەرەوەی توانای ئێمەیە نەیەتە پێشەوە و غاز لە بنکەی سەرەکییەوە نەوەستێت، بە دڵنیاییەوە بە باشترین و پاکترین شێوە ئەو غازە دابەش دەکەین، ئەگەر بەو شێوەیەی ئێستاش کە غاز دێت، بەردەوام بۆمان بێت، ئەوا بۆ دوو، سێ رۆژی دیکە هیچ کێشەیەک باوەڕناکەم بمێنێت، چونکە ئێستا رێژەیەکی زۆر باشمان بۆ هاتووە و بە رێکوپێکیش دابەشکراوە".

زیاتر لە هەفتەیەکە کێشەی نەمان و گرانبوونی غاز لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە هەولێر و دهۆک سەریهەڵداوە و کێشەکەش دوای ئەوە روویدا کە بەپێی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کۆمپانیایە پێشووتر دابەشکردنی غازی لە ئەستۆبووە لێی سەندراوەتەوە و لە تەندەرێکدا دراوەتە کۆمپانیایەکی نوێ، بەڵام کۆمپانیا پێشووەکە لەرێگەی چەند چەکدارێکەوە خاوەن کۆمپانیا نوێیەکەیان لە سلێمانی رفاندووە و رێگرییان کردووە لەوەی غاز لە چەمچەماڵەوە بنێردرێتە هەولێر و دهۆک.

رۆژی دووشەممە 3-2-2020 رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لەسەر فەرمانی جەنابی کاک مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو دامودەزگایانەی پەیوەندیدارن بە ئەرکی خۆیان هەستان، بەتایبەتی پۆلیسی نەوت لەسەر فەرمانی جەنابیان راسپێردرا بۆ ئەوەی هەم کێڵگەکە وەکو پێویست بپارێزن، هەمیش ئاسانکاریی بکەن بۆ هاتووچۆی کۆمپانیاکە و گواستنەوەی غازی شل بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان".

سەبارەت بە رێککارەکانی حکومەتیش لە بەرامبەر ئەوانەی رێگری دەکەن، رێبەر ئەحمەد گوتی: "بە تەئکیدی رووبەڕووی یاسایان دەکەینەوە، هەر کەسێکیش تەجاوز لەسەر یاسا و ئەو خەڵکەی لەو شوێنە ئیشدەکات بکات، رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە و دەدرێتە دادگا".

ئەمڕۆش ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و لەبارەی کێشەی غازەوە داوای لێپێچینەوەی یاسایی لەوانە دەکات لە دروستبوونی کێشەکە بەرپرسیارن و هەروەها داوادەکات، کۆتایی بهێنرێت بە دەستتێوەردانی لاوەكی لەرێساكانی حكومەت.
Top