کەناڵەکەی مەلا مەزهەر و پێنج کەناڵی ناوخۆیی دیکە پەخشیان رادەگیرێت
بهگوێرهی نووسراوێكی فهرمیی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان كه ئەمڕۆ 5-2-2020 بەژمارە 250 دهرچووە، واژۆی بەڕێوەبەری گشتی چاپ و بڵاوکردنەوەی وەزارەتەکەی بەسەرەوەیە، بڕیاردراوە بەوەستاندنی پەخشی شەش کەناڵی لۆکاڵی، کە بریتین لە(داهێن، سرووشت، تەسەوف، کۆمەڵ، ئاسمان،U2 )."
لە فەرمانە کارگێڕییەکەدا هاتووە، "دوای چەندینجار ئاگادارکردنەوەی کەناڵەکان بە پابەندبوون بە رێنماییەکانی پێشکەشکردنی بەرنامەی خێرخوازی و سەرپێچینەکردنی ماددەی 3 و بڕگەی سێیەم، خاڵی دووەم و سێیەم لە رێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2014ی رێکخستنی فریکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان؛ ئەم بڕیارە دراوە".
پەخشی کەناڵەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک دەوەستێت، ئەوەش بەپێی بڕگەیەک لە خاڵی دووەمی ماددەی پێنجەمی رێنمایی ژمارە1ی ساڵی 2014ی وەزارەت. بڕیارەکەیش لە رۆژی دەرچوونیەوە، واتە ئەمڕۆ چوارشەممە 5-2-2020 کاری پێدەکرێت.
