پەروەردە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە قوتابخانەیەکی بەغدا دادەخات

پەروەردە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە قوتابخانەیەکی بەغدا دادەخات
وەزارەتی پەروەردەی عێراق بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، قوتابخانەیەکی شاری بەغدای پایتەختی وڵاتەکەی، دادەخات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 5-2-2020، وەزارەتی پەروەردە لە بەیاننامەیەکدا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردووەتەوە، کە باس لە دۆزینەوەی حاڵەتێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە قوتابخانەی تەئاخی لە ناوچەی کەرخی بەغدا، دەکەن.

وەزارەتی پەروەردە بە ئاماژەکردن بەوەی قوتابییانی قوتابخانەکە دەگوازرێنەوە قوتابخانەی ناوەندیی زەرقا یەمامە، رایگەیاندووە، ئەو قوتابخانەیە بەهۆی نزیکیی لە نەخۆشخانەی فورات لەسەر رێگای فڕۆکەخانەی بەغدا، بۆ ماوەیەکی کاتی دادەخرێت.

لە بەیاننامەکەدا، وەزارەتی پەروەردە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بڕیاری داخستنی قوتابخانەکە بۆ پاراستنی گیانی قوتابییەکانە، بەهۆی ئەوەی هاووڵاتییە گەڕێندراوەکانی عێراق لە چین، لە نەخۆشخانەی فورات خراونەتە ژێر چاودێرییەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 58 هاووڵاتیی عێراقی، کە لە شاری وهان لە چین دەژیان، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو شارە، گەڕێندراوە عێراق.

بەپێی ئاماری ئەمڕۆ چوارشەممە، ژمارەی مردووان بەهۆی کۆرۆناوە بەرزبووەتەوە بۆ 493 کەس، کە یەکێکیان هاووڵاتیی فلیپینە، یەکێکیش هاووڵاتیی هۆنگ کۆنگە و ئەوانی دیکە هاووڵاتیی چینن.

لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە دەگوازرێتەوە و تا ئێستا لە چەند وڵاتێک دۆزراوەتەوە، لە شاری وهان سەری هەڵدا.











باسنيوز

Top