مەسرور بارزانی: لە ئێستادا رێكخراوی چەكداری داعش ئەندامی زیاتریان هەیە لە ساڵی 2013

مەسرور بارزانی: لە ئێستادا رێكخراوی چەكداری داعش ئەندامی زیاتریان هەیە لە ساڵی 2013
لەمیانی چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە بوژانەوەی رێكخراوی تێرۆریستی داعش هۆشداریدا و رایگەیاند، پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیەوە دژ بە نوێبونەوەی ئەو رێكخراوە هەنگاوبنرێت.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فرانس24ی فڕەنسیدا رایگەیاند، لە ئێستادا رێكخراوی چەكداری داعش ئەندامی زیاتریان هەیە لە ساڵی 2013، ئەوكاتەی كە خەلافەتەكەیان دامەزراند.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو رێكخراوە چەكداریە سود لە بۆشایی ئەمنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند وەردەگرن، داواشیكرد لە ناوچە سنورییەكانی نێوان هەردولادا بە شێوەیەكی تەواو هەماهەنگی ئەمنی هەبێت.

هەر لەمیانی ئەو چاوپێكەوتنەدا، بارزانی پشتیوانی خۆی بۆ هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە عێراق دەربڕی و وتی "هێزەكانیان دەتوانن سیستمی موشەكە پاتریۆتەكانیان لە ناوچەكەدا بڵاوبكەنەوە"، وتیشی "سەبارەت ە ئاڵۆزیەكانی نێوان ئەمریكا-ئێران نیگەرانین".

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەتیكردەوە سەبارەت بە پرۆسەی كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە بدوێت، لەوبارەیەوە بۆ فرانس24 وتی "ئێران هاوسێمانە و ویلایەتە یەكگرتوەكانیش دۆستمانە".

لە درێژەی وتەكانیدا مەسرور بارزانی رەخنەیگرت لە حەسەن نەسروڵا، سەرۆكی حزبوڵای لوبنانی گرت سەبارەت بە وتەكانی رابردوی لەبارەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دێموكراتی كوردستان، كە بە گوێرەی وتەكانی نەسروڵا، مەسعود بارزانی ساڵی 2014 داوای لە قاسم سولەیمانی كردبو بۆ روبەڕوبونەوەی داعش.

سەبارەت بە دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی سوریا بارزانی رایگەیاند "ئەو كارە باش نیە و دێمۆگرافیای ناوچەكە تێكدەدات".

سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی ئەمدواییە لە عێراقدا و راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بارزانی پێی وایە "عەلاوی باشتر لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراق رۆڵەكەی خۆی دەبینێت"، وتیشی "پێویستە بە زوترین كات داخوازییەكانی خۆپیشاندەرانی عێراق بەجێبهێنیت".

یەكێك لە داخوازییەكانی خۆپیشاندەرانی عێراق ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و مەسرور بارزانی سەبارەت بەو بابەتە بە فرانس24ی وت "ئەوە بەندە لەسەر رای عێراقییەكان كە لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە بڕیاربدەن".







خەندان
Top