لە دهۆک یەکەم کێڵگەى وزەى خۆر بنیات دەنرێت
بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ سێشەممە ٤ ى شوباتى ٢٠٢٠، بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان، ڕێککەوتننامەی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیەی لەگەڵ پارێزگارى دهۆک واژۆ کرد کە ئەمانج لێی بنیاتنانى کێڵگەیەکى وزەى خۆرە کە لە ماوەى دوو ساڵدا لایەنیکەم دوو مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت و یەکیتى ئەورووپاش بڕى دوو ملیۆن دۆلارى وەک کۆمەک بەخشیوە بەم پڕۆژەیە کە لە چوارچێوەى “پشتیوانیکردنى چاکبوونەوە و سەقامگیرى لە عێراقدا لەڕێگەى پەرەپێدانى دەسەڵاتە نیوخۆییەکانەوە”ى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپیداندا ئەنجام دەدرێت".
لە ڕێوڕەسمەکەدا فەرهاد ئەتروشى پارێزگارى دهۆک، گوتى: "ئێمە لە هەموو کاتێک زیاتر پابەندین بە ئەنجامدانى کارى ژینگەیى و دابینکردنى وزەى پاک و هەرزان بۆ هاووڵاتیان و پڕکردنەوەى کورتهێنانى وزەى کارەبا لە شارەکەدا. لەژێر ڕۆشنایى پلانى کارى وزەى بەردەوامى پارێزگاى دهۆک، بەڵێنمان داوە بڕى دەرهاویشتەى گازە گەرمەکان تاکوو ساڵى ٢٠٣٠ کەم بکەینەوە. بنیاتنانى یەکەم پارکى وزەى خۆر لە شارى دهۆک پاڵپشت دەبێت لە بەدیهینانى ئەم ئامانجەدا و پێداویستییەکانى بازاڕ پڕ دەکاتەوە."
گوتیشی: "ئیمە سوپاسگوزارى یەکیتى ئەوروپا و بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانین کە هاوکارییان کردین بۆ بەدیهێنانى ئەم ئامانجە، هەروەها هیوادارین هاوبەشییەکى بەرهەمدار لەگەڵ کەرتى تایبەتدا دروست بکەین بەمەبەستى دابینکردنى وزەى خاوێن و ژینگەدۆست بۆ نەوەى ئێستا و داهاتوومان".
شارى دهۆک بەدەست کەمیى کارەباوە دەناڵێنیت و زیاتر لە١٠٠٠ مۆلیدەى بەرهەمهینانى کارەباى تێدایە کە هەوا و ئارامیى شاریان زۆر پیس کردووە. تایبەت بە پلانى کارى وزەى بەردەوام کە لە چوارچێوەى دووەم بەرنامەى پەرەپێدانى ناوچە نیوخۆییەکاندا پەرەی پێدراوە، شارى دهۆک چاوەڕێ دەکات کۆمەڵێک پارکى وزەى خۆر بنیات بنێت کە تاکوو ساڵى ٢٠٣٠ بتوانێت ٤٠ مێگاوات کارەباى خاوێن بەرهەم بهێنێت".
هەر لەمبارەوە سەرۆکى شاندى یەکێتیى ئەوریوپا بۆ عێراق، مارتن هوس، گوتى: "ئەم دەستپێشخەریە نابێتە هۆى تەنها باشترکردنى فەراهەمبوونى وزە بۆ دانیشتوان، بەڵکوو لە هەمانکاتدا هەوڵى دەستخستنى وزەیەکى خاوێن دەدات. ئێمە لە ئەورووپا سوورین لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەى گۆڕانى کەشوهەوا و لەو ڕێککەوتنە ژینگەدۆستییەى (ڕێککەوتنى سەوز) ئەم دوواییەماندا سەرکەوتوو بووینە و تاکوو ساڵى ٢٠٥٠ دەبین بە کیشوەرێک کە ژینگەیەکى تەواو خاوێنى دەبێت و پیس ناکرێت، هەروەها دەمەوێت بڵێم کە زۆر دڵخۆشم بەوەى کە دەتوانین هاریکاریى هەرێمى کوردستانى عێراق بکەین لەو پلانەى خۆیدا کە بۆ ووزەى بەردەوام هەیەتى".
نوێنەرى نیشتەجێى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا، خاتوو زێنە عەلی ئەحمەد، گوتى: "پابەندبوونى پارێزگاى دهۆک بە کەمکردنەوەى کاربۆنى دەرهاویشتوو و دابینکردنى وزەى خاوێن بۆ هاونیشتیمانییەکانى زیاتر هانمان دەدات. بنیاتنانى کێڵگەیەکى وزەى خۆر دەبێتە هۆى چالاککردنى زیاترى ئابووریى لەڕێگەى وەبەرهێنانى کەرتى تایبەت و ڕەخساندنى هەلى کارى زیاتر لە ئابووریى ژینگەدۆستى و لەسەروو هەمووشیانەوە کەمکردنەوەى پیسبوونى ژینگەدا. ئەم پڕۆژەیەش گوزارشت دەبێت لە سەرهەڵدانى سەرچاوەیەکى لەو چەشنەى وزەى خۆر لە سەرانسەرى عێراقدا".
ئامانجى بەرنامەى پشتیوانیکردنى چاکبوونەوە و سەقامگیرى لە عێراقدا لەڕێگەى پەرەپێدانى دەسەڵاتە نێوخۆییەکانەوە بریتییە لە برەودان بە پەرەسەندنى سەقامگیرى و ئابووریى کۆمەڵایەتى لە عێراقدا لەڕێگەى باشترکردنى حوکومڕانییەکى دیموکراسییانە لەسەر ئاستى نێوخۆییدا، هەروەها کار بۆ بەرزکردنەوەى تواناى پارێزگا دەستیشانکراوەکان دەکات لە بەڕێوەبردنێکى کاراى دەسەڵاتە نێوخۆییەکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا. گەشەى ئابوورى و ڕەخساندنى هەلیکار خراونەتە پێشینەى کارەوە، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر پڕۆژە سەوزەکان و بەشداریپێکردنى لاوان و ئافرەتان و باشترکردنى دۆخى ژیانى ئاوارە گەڕاوەکان و لەو ناوچانەدا کە کەوتوونەتە بەر کاریگەرى ڕووبەڕووبوونەوەکان.
باسنيوز
