دەنگۆی تۆمارکردنی حاڵەتێکی کۆرۆنا لە سنە بڵاو دەبێتەوە و تەندروستیی شارەکە ڕەتی دەکاتەوە

دەنگۆی تۆمارکردنی حاڵەتێکی کۆرۆنا لە سنە بڵاو دەبێتەوە و تەندروستیی شارەکە ڕەتی دەکاتەوە
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەنگۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی (کۆرۆنا) بڵاو دەبێتەوە، تەندروستیی شارەکەش دەنگۆکە ڕەت دەکاتەوە.

بەپێی تۆمارێکی ڤیدیۆیی کە تێیدا کەسێک دەردەکەوێت کە کارمەندی نەخۆشخانەی (تەوحید)ی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە ئێران، باس لەوە دەکات کە حاڵەتێکی تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکەیان لە سنە تۆمار کراوە.

ئەوەش ئاشکرا کرا دەکات کە ئەو خۆی ڕاپۆرتی پزیشکی بینیوە لەبارەی تووشبوونەکە و ویستوویەتی وێنەی بگرێت، بەڵام ڕێگەیان نەداوە.

داواش دەکات، خەڵکی خۆیان بپارێزن و ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە بگیرێتە بەر.

هەر ئەو گەنجە پێشتر لە تۆمارێکی دەنگی ئاشکرای کردبوو کە حاڵەتەکە ڕۆژی دووشەممە ٣ی شوباتی ٢٠٢٠ لە نەخۆشخانەی (بێعسەت)ی سنە تۆمار کراوە و دواتر بۆ چاودێریکردن، ڕەوانەی نەخۆشخانەی (تەوحید)ی سنە کراوە.

ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە تووشبووەکە بازرگانێکە و هاتوچۆی کۆماری (چین)ی میللی کردووە. دوای تۆمارکردنی حاڵەتەکەش، نامەی نهێنی بۆ سەرجەم نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکانی ئێران نێردراوە.

لە بەرامبەر ئەم دەنگۆیەدا، ئەمڕۆ سێشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٠، د. ئیبراهیم نادری، جێگری بەڕێوەبەری زانکۆی پزیشکیی سنە (ئەم دامەزراوەیە بەرپرسە لە ڕاگەیاندنی بارودۆخە پزیشکییەکان لە سنە) لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕەتی کردووەتەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتبێتە پارێزگاکەیان و دەڵێت: ”هیچ کەسێک تووشی ئەو ڤایرۆسە نەبووە“.











باسنيوز

Top