ئەنەکەسە: حەز دەکەین بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان رێک بکەوین

ئەنەکەسە: حەز دەکەین بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان رێک بکەوین
سه‌رۆکی نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانی کورد له‌ سووریا (ئه‌نه‌که‌سه‌) رایدەگەیەنێت، کە ئەگەر لەگەڵ ئیدارەی خۆجێیی رۆژئاوای کوردستان رێک بکەون، ئەوا حەز دەکەن رێککەوتنەکە بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی واژۆ بکرێت.

عه‌بدولکه‌ریم میرانی، سه‌رۆکی نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌نه‌که‌سه‌ لە باشووری کوردستان رايگەیاند، ئەنەکەسە بڕیاری کردنەوەی بارەگاکانی لە رۆژئاوای کوردستان داوە.

عەبدولکەریم میرانی هەروەها رایگەیاند، مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) بەڵێنی داوە بارەگاکانی ئەنەکەسە لە رۆژئاوای کوردستان بپارێزێت.

سه‌رۆکی نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌نه‌که‌سه‌ لە باشووری کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، کەئەگەر لەگەڵ پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) رێککەوتن واژۆ بکەن، ئەوا حەز دەکەن رێککەوتنەکە بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا، واژۆ بکرێت.

رۆژی دووشەممە 3-2-2020، ئەنەکەسە بارەگاکانی لە ژمارەیەک ناوچەی رۆژئاوای کوردستان کردەوە.

دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لە مانگی ئاگادری 2011، رژێمی سووریا لە رۆژئاوای کوردستان کشایەوە و پەیەدەی باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، دەستی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا گرت.












باسنيوز


Top