کێشەی غازی ماڵان دەبرێتە پەرلەمانی کوردستان
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆ ببێتەوە و بەشێکی کۆبوونەوەکەش تایبەت دەبێت بە کێشەی غازی ماڵان کە چەند ڕۆژێکە لە هەولێر و دهۆک دەستی پێ کردووە.
بەپیی زانیارییەکان کۆبوونەوەکەی لیژنەی سامانە سروشتییەکان، کاتژمێر١١ی ئەمڕۆ لە بینای پەرلەمان بەڕێوە دەچێت و تێیدا گفتگۆ لەسەر کێشەی غازی ماڵان دەکەن کە چەند ڕۆژێکە لە دوو پارێزگای دهەولێر و دهۆک پەیدا بووە.
لیژنەکە لەو کۆبونەوەیە تاوتوێ کێشەی غاز لە ھەرێمی کوردستان دەکات و ئەگەر ئەندامانی لیژنەکە بگەنە رێککەوتن لەسەر ھۆکاری سەرھەڵدانی ئەو کێشەیە، ئەوا راگەیەنراوێک بڵاو دەکەنەوە.
پێشبینیش دەکرێت لیژنەکە بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لەو کێشەیە بچنە قەزای چەمچەماڵ.
رۆژی یەکشەممە ٢ی شوباتی ٢٠٢٠، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای گەیاند کە ”کەسانێکی دەستڕۆیشتوو“ لە گەرمیان و سلێمانی، ڕێگە نادەن بڕە غازی پێویست بگاتە هەولێر و دهۆک و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە دەیانەوێ کۆمپانیای خۆیان پرۆسەکە لە ئەستۆ بگرێت، لە کاتێکدا کۆمپانیایەکی دیکە بەپێی یاسا، گرێبەستی ئەنجام داوە.
باسنيوز
