دیندار زێباری: بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش پێشوازی لە ڕاسپاردەکانی یۆنامی دەکەین

دیندار زێباری: بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش پێشوازی لە ڕاسپاردەکانی یۆنامی دەکەین
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات لە پرۆسەی دادگاییکردنی دادپەروەرانەی تیرۆریستانی داعشدا، پێشوازی لە راسپاردەکانی یۆنامی دەکەین.

رۆژی ٢٨ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یۆنامی) دوایین راپۆرتی خۆی سەبارەت بە دادگایىکردن بەپێی یاسای نەهێشتنی تیرۆر بڵاو کردەوە و تێیدا چەند تێبینی و سەرنجێک خراوەتە ڕوو دەربارەی سزای لەسێدارەدان لە عێراق کە تا ئێستا جێبەجێ دەکرێت.

لەمبارەوە د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای گەیاند: "پێشوازی لەو راپۆرتەی یۆنامی دەکەین کە ئاماژە بە هەوڵەکانیان دەکەن لە چاودێریکردنی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، هەروەها ئەو راسپاردانەی کە پێشکەش کراوە بۆ مەبەستی دادگاییکردنی خێرای تاوانبارانی داعش و پاراستنی بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ لەمیانەی پرۆسەی داداگاییکردنەکەدا. لە راپۆرتی یۆنامیدا ئاماژە بە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دراوە سەبارەت بە رەوشی دادگاییکردنی تاوانباران لە هەرێم، هەروەها ئەو یاسایانەی کە لە هەرێم پیادە دەکرێن لەم رووەوە. لە بڵاوکراوەکەی خۆشیاندا راپۆرتە وەڵامی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم بڵاو کراوەتەوە کە تێیدا باس لە پرۆسەی دەستبەسەرکردن و دادگاییکردنی تیرۆریستان لەڕووی یاساییەوە و راگرتنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان کردووە، هەروەها یۆنامی ئاماژە بەو بارودۆخە کردووە کە دوای ساڵی 2003 رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە بەتایبەتی هێرشە کردەوە تیرۆریستییەکان کە لەگەڵ هێرشەکانی داعش گەیشتنە لووتکە".

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم هاوکات گوتی: "دوای ساڵی 2003 و ئەو ئارامییەی کوردستان بەخۆیەوە بینی تێکدانی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکان یەکێک بوو لە ئامانجە سەرەکییەکانی تیرۆریستان و لەو پێناوەدا هەموو هەوڵێکیان دا، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگەگرتن لە کردەوەی تیرۆریستی و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێم چەند رێوشوێنێکی کرداری و یاساییان ئەنجام دا، لەوانە دەرکردنی یاسای دژە تیرۆر بوو، بەپێی ئەم یاسایە تا رۆژی 22/8/2017 بەپێی ئامارەکانی دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى هەولێر 675 کەس بە گومانی تیرۆر دەستگیر کراون، لەوانە 56 کەس بێتاوان دەرچوون و ئازاد کراون، 619 کەس حوکمیان بۆ دەرچووە و سزاکانیشیان. لە دهۆکیش 1594 کەس دەستگیر کراون، لەوانە 616 کەس بێتاوان دەرچوون و ئازاد کراون، 522 لەژێر لێکۆڵینەوەدان، 456 کەس حوکمی دادگایان بۆ دەرچووە. سەبارەت بە ئامارەکانی پارێزگای سلێمانی لە نێوان ساڵانی 2014 و 2017 بەپێی دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى سلێمانى (٣٥) کەس دەستگیر کراون لەوانە (٢٠) یان ئازادە، هەروەها لە ماوەییەدا لە سەرۆکایەتى دادگاى نەوجەوانانى سلێمانى 22 کەس دادگایی کراون و سزاکانیشیان لە بەندکردن تاکوو سزاى لەسێدارەدان بووە.

د. دیندار زێباری لە کۆتایی لێدوانەکەیدا سەبارەت بە ئەشکەنجەدان و سزای لەسێدارەدان گوتی: "لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا بەرکارەکان ئەشکەنجەدان و هەڕەشەکردن لە راگیراوان بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانان قەدەغەیە ئەگەر تۆمەتبارەکە بە هەر تاوانێک راگیرابێت و ئەو کەسەی کە ئەم کارە ئەنجام دەدات رووبەڕووی سزا دەبێتەوە، سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان بە مەبەستی پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان راگیراوە و جێبەجێ ناکرێت تەنیا لە چەند حاڵەتێکی دەگمەندا نەبێت، بەتایبەتی ئەوانەی کە پەیوەندییان بە رای گشتییەوە هەیە و لەبری ئەو هەوڵدراوە سزاکە کەم بکرێتەوە، بۆ نموونە لە ساڵی (2019) چەندین حوکمی لەسێدارە دەرچووە بێ ئەوەی جێبەجێ بکرێت، لەوانە (٤٥) سزای لەسێدارەدان، هەروەها (١٣) کەیس لە سزای لە سێدارەدان سزاکانیان سووک کراوە.











باسنيوز


Top