هاونیشتمانیان نیگەرانن لە گرانبوونی نرخی غاز

هاونیشتمانیان نیگەرانن لە گرانبوونی نرخی غاز
ماوەی 10 رۆژە کێشەی کەمیی دابەشکردنی غازی ماڵان سەریهەڵداوە، نرخی هەر بوتڵێک غاز کە پێشتر بە حەوت هەزار و 500 دینار بوو لەلایەن بریکارەکانەوە، ئێستا لە بازاڕ بە نزیکەی 25 هەزار دینارە، ئەمەش نیگەرانیی لای هاونیشتمانیان دروستکردووە.

گرفتەکە لەوەوە سەرچاوەی گرت کە کۆمپانیای داناغاز گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی نوێ کردبوو بۆ دابەشکردنی غاز، بەڵام کۆمپانیای پێشوو ئامادەنەبوو گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە.

كۆمپانیای داناغاز، بۆ سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان غازی شل دابیندەكات، پشكی هەولێر رۆژانە 15 تانکەری 19 تۆنییە.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر رایگەیاند "ئاگادارکراینەوە کەوا خاوەنی کۆمپانیاکەی دیکە کە وەریگرتووە، لەلایەن هێزێکی چەکداری ناسراوەوە پەلاماردراوە، رفێدراوە و ئازاردراوە، رێگریشی لێکراوە غازەکە بهێنێت. ئێستا ئەو کۆمپانیایەی پێشتر کە پاڵپشتییەکی سەربازییان هەیە، رێگرن لەوەی غاز بێت بۆ پارێزگاکانی دیکەی کوردستان".

رۆژانە هەولێر پێویستی بە 30 هەزار بوتڵ غازی شل هەیە، ئێستا 36 کارگەی غاز کاردەکەن، تاوەکو بە هەر جۆرێک بێت کێشەی کەمیی غاز چارەسەربکەن.

بەختیار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری کارگەی غازی هەولێر دەڵێ "کێشەیەک دروستبووبوو، کێشەکە چارەسەرکراوە بە هەوڵی سەرۆکایەتیی حکومەت و خودی پارێزگاری هەولێر کە تاوەکو کاژێر یەکی شەو لەسەر خەت بووە".

حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەدات کە ئەوانەی رێگر و قۆرخکارن رووبەڕووی یاسایان دەکەنەوە و ناهێڵن بۆیان بچێتەسەر.
Top