گەرمیان.. ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگیرێتە بەر

گەرمیان.. ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگیرێتە بەر
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستیی گەرمیان، گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسنوووری ئیدارەی گەرمیان ڕادەگەیەنێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان، لە ڕاگەیەندراوێكدا، ڕای گەیاندووە: "بەمەبەستی ئامادەكاری و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان لەگەڵ بەڕێوەبەری مەڵبەندە تەندروستییەكانی سنوورەكە كۆ بووەتەوە".

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە "كۆبوونەوەكە بۆ خستنەڕووی بڕیار و ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە بۆ خۆپارێزی و ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە".

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەش دراوە: "لە كۆبوونەوەكەدا باس لەوە كراوە ڕێنمایی پێویست بدرێت بە هاووڵاتیان لە كاتی سەردانكردنیاندا بۆ مەڵبەندە تەندروستییەكان، لەڕووی خۆپاراستنیان لە ڤایرۆسەكە و پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەكان و لەو ڕووەشەوە لە ناوەندەكانی خوێندندا هەڵمەتی هۆشیاری ئەنجام دەدرێت".










باسنيوز


Top