وەزارەتی تەندروستی: هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستاندا نییە
ئەمڕۆ شەممە 01-02-2020 لە روونکردنەوەیەکدا وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد، "بەداخەوە لەلایەن پەیجێکەوە لە سۆشیال میدیا هەواڵێک بە ناوی وەزیری تەندروستییەوە شوێوێنراوە و بڵاوکراوەتەوە کە گوایە ژمارەیەک تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەڕاونەتەوە. لێرەدا تەواوی ئەو هەواڵە رەتدەکەینەوە و دوورە لە راستییەوە".
وەزارەتی تەندروستی باس لەوە دەکات، "ئەم نەخۆشییە لە هەرێمی کوردستاندا نییە. هەموو ئەو هاونیشتمانییانەی لە وڵاتی چین گەڕاونەتەوە، تەندروستییان زۆر باشە و پشکنین و بەدواداچوونی تەواویان بۆ کراوە. هەروەها هەموو رێکارێکارێکی خۆپارێزی بۆ رێگەگرتن لەم نەخۆشییە دەگرینەبەر".
هەروەها پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ هاووڵاتیی چینی کە لە دوبەیەوە هاتبوونە هەرێمی کوردستان، رێگەیان پێنەدرا لە فڕۆکەخانەوە دەربازی نێو هەرێمی کوردستان ببن و گەڕێندرانەوە، دواتریش هاووڵاتییەکی دیکە بەهەمانشێوە گەڕێنرایەوە.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە بۆ فڕۆکەخانەکانی ناردووە، بڕیاریداوە هاتنەژوورەوە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو کەسە بیانییانە قەدەخەیە کە لە 14-01-2020ـەوە سەردانی چینیان کردووە.
