"چەکدارانی داعش لەنزیک گوڵاڵە حەوت هاووڵاتی دەڕفێنن"

ئەمشەو لە گوندی قەرەیاتاغ لەسەر رێگەی قەرەتەپە و گوڵاڵە چەند چەکدارێک بازگەیەکی ساختەیان داناوە و حەوت هاووڵاتییان رفاندووە.

موقەدەم شەماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ئاسایشی کوڵەجۆ رایگەیاند، ئەو هاووڵاتییانە لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانیاندا بوون، ئەو چەکدارانەی داعش، پیاوەکانی رفاندوون و هاوژین و منداڵەکانیانی جێهێشتوون.

بەپێی زانیارییەکانی هێزە ئەمنییەکانی ئەو ناوچەیە، ئەو چەکدارانە 15 کەس بوون و سەر بە داعشن و سێ ئۆتۆمبێلیان پێبووە. هەروەها هاووڵاتییە رفێنراوەکان عەرەبن و سێ ئیۆتۆبێلیشیان بردوون پاشان یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانیان جێهێشتووە.

ئەو حەوت هاووڵاتییە رفێنراوە چواریان خەڵکی قەرەتەپەن، دووانیان خەڵکی خانەقین و دانەیەکیشیان خەڵکی جەلەولایە.

هێزەئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چەکدارەکان بە رفێنراوەکانەوە بۆ گوندی عەین عیسا هەڵهاتوون. هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن، هێزەکانیان بۆ رزگارکردنی رفێنراوەکان چوونەتە ناوچەکە.

بە گوتەی شایەتحاڵەکان، چەکدارەکان لەو سنوورەدا جلوبەرگی هێزە ئەمنییەکانیان پۆشیوە و هاووڵاتییەکان وایانزانیوە هێزی ئەمنیی سنوورەکەن.
Top