سەرۆکی شاندی ئەنەکەسە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیانی لەگەڵ میخائیل بۆگدانۆف ئاشکرا کرد
کامیران حاجۆ، بەرپرسی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (ئەنەکەسە) کە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ی ١ی ٢٠٢٠ لەگەڵ میخائیل بۆگدانۆف، نێردەی سەرۆکی ڕووسیا، سەرۆکایەتیی شاندی ئەنەکەسەی دەکرد رايگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا بە گشتی لەسەر پرسی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان گفتوگۆیان کردووە و تێیدا باسیان لەوە کردووە کە بە لای ئەوانەوە، بوونی ڕووسیا لە ڕۆژئاوای کوردستان جێی دڵخۆشییە و بە سەرچاوەی ئارامی دەبینن.
ئاماژەشی بەوە کرد کە باسیان لە گۆڕانکارییەکان کردووە کە دەکرێت لە ئایندەدا مەترسی دروست بکەن، بەڵام لایەنی ڕووسی ڕەتی کردووەتەوە هیچ پێشهاتێکی گەورە چاوەڕێ بکرێت.
ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”لە کۆبوونەوەکەدا بۆگدانۆف پشتگیری بۆ مافی کوردان و هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی سووریا دەربڕی و لە چوارچێوەی بڕیاری نێودەوڵەتی. بەڵام ئەوان دەیانەوێ ڕژێم بگەڕێتەوە هەموو سووریا. ئێمە گوتمان کە ئێمە ئامادەین لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا دانوستان بکەین“.
ئەوەشی رەت کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا بۆگدانۆف داوای گفتوگۆی ڕاستەوخۆی لێکردبن، بەڵکوو ”تەنیا گوتیان کە لە چوارچێوەی سووریادا لە ئاییندەدا مافەکانی کورد گەرەنتی ببێت“.
لە دوێنێ چوارشەممەوە میخائیل بۆگدانۆف بە سەردانێکی ڕاستەوخۆ و بەبێ ئەوەی بچێتە بەغدا، هاتووەتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە.
باسنيوز
