چاودێرێکی سیاسی: دیپلۆماسییەتی هەرێمی کوردستان پێشکەوتووترە لە عێراق

چاودێرێکی سیاسی: دیپلۆماسییەتی هەرێمی کوردستان پێشکەوتووترە لە عێراق
چاودێرێکی سیاسی ئاماژه‌ به‌به‌هێزبوونی په‌یوه‌ندیی دیپلۆماسی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات و بەراوردی دەکات بە پەیوەندییەکانی عێراق.

د.ناسیح غه‌فور، چاودێری سیاسی، رایگەیاند، هه‌رێمی کوردستان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست پێگه‌یه‌کی تایبه‌تی هه‌یه‌ و رۆژ به‌رۆژ گه‌شه‌ده‌کات، ئه‌وه‌ش ”ده‌ره‌نجامی هه‌وڵه‌کانی سه‌رۆک بارزانییه‌“.

ناسیح غەفور پەیوەندییەکانی هەولێر و مۆسکۆ بە نموونەی پەرەسەندنی دیپلۆماسییەتی هەرێمی کوردستان هێنایەوە و رایگەیاند، دوای 2003، رووسیا یه‌که‌م وڵات بوو کونسوڵخانه‌ی له‌ هه‌ولێر کرده‌وه‌ و ئێستاش هه‌ردوو کۆمپانیای گازپرۆم و رووست نه‌فتی ئەو وڵاتە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەکەن.

ئەو چاودێرە ئاماژەی بە کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە داڤۆس کرد و رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا، ترەمپ بە سەرۆکی کوردستان ناوی نێچیرڤان بارزانی هێنا، کە ”ئه‌مه‌ تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه‌ و رێزلێنانی تایبه‌ته‌ بۆ کوردستان“.

لەبارەی بارودۆخی عێراق و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەو وڵاتە، ناسیح غەفور رایگەیاند، لایەنە شیعەکان بارودۆخی عێراقیان بە تەواوی تێک داوە، عێراقیان لە وڵاتانی جیهان دابڕاندووە و ئێستا تەنیا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ماوە و خەریکە ئەویش تێک دەدەن.

ئەو چاودێرە نموونەی هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکای باس کرد و رایگەیاند، دوای هێرشەکە، باڵوێزخانەی وڵاتان لە بەغدا راگەیەندراوێکی هاوبەشیان لە دژی عێراق بڵاو کردەوە و تێیدا داوایان لە حکوومەتی ئەو وڵاتە کرد نێردە دیپلۆماسییەکان بپارێزێت.









باسنیوز

Top