وەزارەتی تەندروستی لەبارەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا وەڵامی وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەداتەوە

وەزارەتی تەندروستی لەبارەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا وەڵامی وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەداتەوە
بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاندبوو، ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە سنوورەکانی ئێران و لە هەرێمی کوردستانیش بڵاوبووەتەوە، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش هەواڵەکە رەتدەکاتەوە.

محەممەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راگەیاند، "لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارنەکراوە، داواکارین لە هاونیشتمانییان پشت بەسەرچاوەکانی هەواڵی ناوخۆیی ببەستن کە وەزارەتی تەندروستییە. رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش خولەک بە خولەک حاڵەتەکانی تۆمارکردنی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاودەکاتەوە، بۆیە ئەوە ئیشی وەزارەتی تەندروستیی ئێران نییە قسە لەسەر هەرێمی کوردستان بکات".

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد، نەک لە هەرێمی کوردستان، بەڵكو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیا چوار حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراوە، ئەوش هەرچواریان لە یەک خێزانن لە ئیمارات.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، لەکاتی بوونی هەر حاڵەتێک تەنیا وەزارەتی تەندروستی و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی سەرچاوەی فەرمین لە پشتڕاستکردنەوەی ئەو بابەتە.

ئەمە لەکاتێکدایە کیانووش جەهانپوور، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە تویتێکدا رایگەیاند، "ڤایرۆسی کۆرۆنا نزیکبووەتەوە لە سنوورەکانی ئێران، هەندێک کەیسی تووشبوون لە ئیمارات، هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، چەند کەیسێکی گوماناویش لە سعودیە و پاکستان، هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن بەمنزیکانە ڤایرۆسی کۆرۆنا دێتە نێو ئێران. هەموو رێکار و چاودێریکردنێک گیراوەتەبەر، بەڵام هیچ کام لەمانە ناتوانن بەتەواوی رووبەڕووی ڤایرۆسەکە ببنەوە".


دوای ئەو تویتەی، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە تویتێکی دیکەدا نووسیویەتی، هەرچەندە ئەو کەیسە گومانلێکراوانە لە ناوچانە بیندراون لەنێویاندا هەرێمی کوردستان، بەڵام هیچ کام لەو کەیسانە جگە لە ئیمارات پشتڕاستنەکراونەتەوە.
Top