سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری سەرۆکی ڕووسیا کۆ بووەوە
نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 29/1/2020 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە میخائیل بۆگدانۆف، نوێنەری سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریقا جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا و باڵیۆزى ڕووسیا لە بەغدا و کونسولى گشتیى لە هەولێر و شاندێکى یاوەرى کرد کە لە ژمارەیەک دیپلۆماتکار و بەرپرسانى کۆمپانیاى گازپرۆم نهفتى ڕووسى پێکهاتبوون.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە جێگرانى سەرۆکى هەرێم و ژمارەیەک لە بەرپرسانى هەرێمى کوردستان ئامادەى بوون، بۆگدانۆف سڵاو و ڕێزى بەڕێزان سەرۆک ڤلادیمیر پوتین و سەرۆک وەزیرانى ڕووسیاى گەیاندە سەرۆکى هەرێمى کوردستان و ستایشى ڕۆڵى نێچیرڤان بارزانی و پێشکەوتنەکانى هەرێمى کوردستانى کرد.
هەردوولا دۆخى عێراقیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە گرنگیى هەوڵدان بۆ ئارامکردنەوەى گرژى و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە و نەبوونى عێراق بە گۆڕەپانى کێشە و ململانێى هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان کردەوە، هەروەها تیشکیان خستە سەر خۆپیشاندانەکان و هەوڵەکان بۆ دیاریکردنى سەرۆک وەزیرانى داهاتووى عێراق، کێشەکانى هەولێر ــ بەغدا و گرنگیى هەماهەنگیى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان.
دۆخى سووریا و هەبوونى هێزە نێودەوڵەتییەکان و پرسى کورد و ئایندەیان لە چوارچێوەى سووریا و ڕۆڵى ڕووسیا لەو وڵاتە، بەردەوامیى مەترسییەکانى تیرۆر و چۆنیەتیى ڕووبەڕووبوونەوەى، پرۆسەى ئاشتى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دوایین پێشهاتەکانى کێشەى فەلەستین ــ ئیسرائیل، دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى مایەى بایەخى هەردوولا، بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو.
باسنيوز
