فەرمانبەران لە بارەی مووچەکانیان بە تەواوەتی دڵنیا دەکرێنەوە

 فەرمانبەران لە بارەی مووچەکانیان بە تەواوەتی دڵنیا دەکرێنەوە
ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانەوە دڵنیایی دەدات و ڕای دەگەیەنێت کە بە هیچ شێوەیەک دەست بۆ مووچە نابردرێت.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە ڕۆژنامەی (سەباح)ی نیمچە فەرمیی عێراقی راگەیاند: ”فەرمانبەران و خانەنشینان لەوە دڵنیا دەکەینەوە کە گەرەنتیی مووچەکانیان بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠ کراوە و بە هیچ شێوەیەک دەستی بۆ نابردرێت“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەیە تاوەکوو پڕۆژەی بودجەیەک پێشکەش بە پەرلەمان بکرێت کە قابیل بێت بۆ جێبەجێکردن و بەدەم ئامانجە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە بێت، لەمبارەیەشەوە کارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوامە، “سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت پڕۆژەیاسا تێپەڕێنێت”.

بە گوتەی راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بودجەی ٢٠٢٠ پێویستی بە کەمکردنەوەی خەرجی و دابەزاندنی ڕێژەی کورتهێنان و بایەخدانی زیاتر بە هەندێک سەرچاوە هەیە.

پێشبینیی ئەوەشی کردووە کە لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا، پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٠ ئامادە بکرێت.

پێشتر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان رایانگەیاندووە کە لە بارەی مووچە و بودجەوە لەگەڵ بەغدا لێکتێگەیشتنێکی تەواویان لە نێواندا هەیە و گەرەنتیی هاتنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانیش لە بەغداوە کراوە.









باسنیوز
Top