حکومەتی هەرێمی کوردستان هەزار پرۆژەی وەبەرهێنان رادەگەیێنێت

حکومەتی هەرێمی کوردستان هەزار پرۆژەی وەبەرهێنان رادەگەیێنێت
بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کارنامەی کابینەی نۆیەم، تایبەت بە پەرەپێدانی وەبەرهێنان و ئابووریی هەرێمی کودستان، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەران کۆبووەوە و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنەرانی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەزار پرۆژەی گەورەی وەبەرهێنان رادەگەیێنێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان وەبەرھێنەرانی دڵنیا کردەوە کە پاڵپشت و رێخۆشکەر دەبێت بۆ پرۆسەی وەبەرھێنان و نەھێشتنی گەندەڵی لە دامودەزگاکانی حکومەتدا.

هەلیکار بۆ گەنجان تەوەرێکی گرنگی کۆبوونەوەکە بوو. لە کاتێکدا لە چەند رۆژی داهاتوودا هەزار پرۆژەی گەورە رادەگەیێنرێن، سەرۆکی حکومەت داوای لە کەرتی تایبەت کرد لە رەخساندنی هەلی کاردا بۆ گەنجان هاوکاریی حکومەت بکەن.

یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان و راژە جەختی کردەوە کە حکومەت وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ماستەرپلانێکدا رێکدەخاتەوە و یاسای وەبەرهێنانیش هەمواردەکرێتەوە.

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان و راژە راگەیاند، "ئێمە پێمانگوتن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ماستەرپلانیکی بۆ وەبەرهێنان لە هەموو کوردستاندا هەیە. هەروەها یاسای وەبەرهێنان هەمواردەکەینەوە کە لە بەرژەوەندیی هاونیشتمانییان و وەبەرهێنەراندا دەبێت".

فارووق مەلا مستەفا، وەبەرهێنەر و سەرمایەداری هەرێمی کوردستان کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، جەختی لەوە کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا هەمووان بۆچوونی خۆیان بەراشکاوی خستووەتەڕوو.

فارووق مەلا مستەفا، وەبەرهێنەر و سەرمایەدار ئاماژەی بەوە کرد، "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی زیاد لە 60 وەبەرهێنەر و خاوەنکاری جیاجیایان بانگکردبوو. سەرۆکی حکومەت دەیویست گوێی لە قسەکانیان بێت و ئەویش سەرنجی خۆی لەسەر کارەکان هەبوو".

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنەرانی کوردستان رایگەیاند لە چەند رۆژی داهاتوودا نزیکەی هەزار پرۆژەی گەورە لە هەرێمی کوردستان رادەگەیێنرێن و بانگهێشتی کۆمپانیا خۆماڵییەکانی کرد کە ئەو پرۆژانە جێبەجێ بکەن.

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنەرانی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، "ئێمە بەرنامەیەکمان هەیە و چەند رۆژی داهاتوو رادەگەیێنرێت کە نزیکەی هەزار پرۆژەی گەورەیە کە پێویستە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێن. گرنگیمان داوەتە بواری پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار. ئێمە داوا لە وەبەرهێنەرەکانی خۆمان دەکەین کە بێن ئەو پرۆژانە جێبەجێ بکەن".

چەند ساڵێک بوو بەهۆی قەیرانی داراییەوە پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەهەرێمی کوردستاندا وەستابوون، بەڵام حکومەت دەیەوێت پرۆژەکان بخاتەوە گەڕ و پرۆژەی نوێیش لە بوارە جیاوازەکاندا جێبەجێ بکرێن.
Top