ئەمریکا سێ بنکەی سەربازی لە هەرێمی کوردستان دروستدەکات
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، بەپێچەوانەی راگەیێندراوەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە کە گوایە هێزەکانی لە ناوچەکە دەکشێنێتەوە، ئەمریکا سەرقاڵی دروستکردنی لانیکەم سێ بنکەی سەربازییە لە باکووری عێراق لە نزیک سنووری ئێران و ئەو بنکە سەربازییانە هێندە جێگیرن کە بە نیمچە هەمیشەیی دادەنرێن.
سەرچاوەکە ئاماژەشی بەوە کردووە، بەرپرسە ئەمریکییەکان بەو باوەڕە گەیشتوون کە کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق هەژموون و دەسەڵاتی بڕیاربەدەستانی ئەمریکا و هێزی سەربازیی ئەو وڵاتە کەمدەکاتەوە و لەبریدا هەوڵێكی خێرای رووسەکان بۆ دزەکردن بۆ نێو ناوچەکە بەڕێوەدەچێت.
سەرچاوە ئیسرائیلییەکە گوتووشیەتی، بەپێچەوانەی ئەو داواکارییانەی کە لە عێراق سەریانهەڵداوە بۆ چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا، هێزەکانی ئەمریکا هەوڵی خۆیان بۆ زیاترکردنی پێگەی سەربازییان لە عێراق چڕتر دەکەنەوە.
هاوکات هاوپەیمانیی ناتۆ ئاماژە بەوە دەکات، راوێژکارە سەربازییەکانی لە عێراق زیاددەکات وئەم پێشنیازەش رای زۆرینەی ئەندامانی رێکخراوەکەی لەسەرە.
ئەو هەنگاوەی ناتۆ دوای داوای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت بۆ زیادبوونی رۆڵی ناتۆ لە عێراق بەتایبەتی لەکاتێکدا داعش ناوەناوە هێرشی زیانبەخش دەکاتە سەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکانی دیکە.
چاوەڕێدەکرێت ئەو پێشنیازەی ناتۆ مانگی داهاتوو لە کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی بەرگریی هاوپەیمانێتییەکەدا پەسندبکرێت.
ناتۆ 500 راوێژکاری لە عێراق هەبوو تاوەکو ئەو کاتەی گرژییەکان بەهۆی کوشتنی قاسم سولەیمانی لەنێوان واشنتن و تاران سەریان هەڵدا و دووپاتی دەکاتەوە کە هێزەکانیان بەشداری لە شەڕ ناکەن، بەڵکو کاریان راوێژکارییە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵیی ئەسۆشیەیتد پرێس، ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مانگی ئایاری ساڵی 2019 لە نزیکەی 60 هەزار سەربازەوە بۆ زیاتر لە 80 هەزار سەرباز بەرزبووەتەوە، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی کە سەرۆکی ئەمریکا دوو جار بەڵێنی دابوو کە هێزەکانی ئەمریکا بگەڕێنێتەوە وڵاتەکەیان و کۆتایی بە جەنگەکان بهێنێت.
لە ماوەی رابردوودا و بەتایبەتی دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتنە لووتکە بەشێوەیەک کە راستەوخۆ هەڕەشە لەیەکتری دەکەن.
رۆژی هەینی 24-01-2020 لەسەر داوای موقتەدا سەرد، رابەری رەوتی سەدر خۆپێشاندانی ملیۆنی لە بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو. خۆپێشاندانەکە دژی هێزەکانی ئەمریکا و هێزە بیانییەکان بوو لە عێراق و خۆپێشاندەران داوایان دەکرد لە خاکی عێراق بچنە دەرەوە. خۆپێشاندەران دەیانویست گوشار بخەنە سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی رێوشوێنی خێراتر بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بگرێتەبەر.
