ناوەرۆکی کۆبوونەوەی سەرۆکی حکوومەت لە گەڵ وەبەرهێنەرانی کوردستان

ناوەرۆکی کۆبوونەوەی سەرۆکی حکوومەت لە گەڵ وەبەرهێنەرانی کوردستان
ئەمڕۆ سێشەممە 2020/1/28 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە .

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت ئامادەیبوو، گفتوگۆ دەربارەی کارنامەی کابینەی نۆیەم تایبەت بە پەرەپێدانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کودستان کرا.

سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکوومەت، وەبەرھێنەرانیان دڵنیا کردەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پاڵپشت و رێخۆشکەر دەبێت بۆ پرۆسەی وەبەرھێنان و نەھێشتنی رووتین لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا.

هەروەها سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە، کە ئامانجمان ئەوەیە زەمینەیەکی لەبارتر بۆ وەبەرهێنان لە گشت کەرتەکان بهێنینە ئارا و ئاسانکاری پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەکی بکەین . گوتیشی پێویستە وەبەرهێنان بە پێی پلانێکی زانستی و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی گشتی بێت .

مەسرور بارزانی ئاماژەشی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان لە رووی ماددی و مرۆییەوە دەوڵەمەندە و دەرفەتی ئەوە هەیە ببێتە بنکەیەکی بازرگانی گرنگ لە عێراق و ناوچەکەدا، داواشی لە کەرتی تایبەت کرد کە هاوکاری حکوومەت بکەن لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووریی و بەکارخستن و دۆزینەوەی هەلیکار بۆ گەنجەکانمان لە کەرتی تایبەتدا کە پێویستە زیاتر گرنگی بە گەنجانی هەرێمی کوردستان بدرێت لە دەرفەتەکانی کارکردندا.

دواتر سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی پرسیار و تێبینیەکانی ئامادەبووانیان دایەوە.










باسنيوز


Top