سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکات
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، دووبارەبوونەوە و بەردەوامیی ئەو هێرشانە لێکەوتە و ئەنجامى خراپیان بۆ سەر وڵات دەبێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە نابێت عێراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و دەڵێ "پاراستنى ئاسایشى باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماتییەکان ئەرکى لایەنە بەرپرسەکانە و نابێ رێگەبدرێت یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان پێشێلبکرێن و دیپلۆماتکاران و نێردە دیپلۆماتییەکان بکرێنە ئامانج".
ئەمە لەکاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 26-1-2020 پێنج مووشەک ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کران و هەندێک سەرچاوەی ئەمنی باس لەوە دەکەن کە سیان لە مووشەکەکان کەوتوونەتە نێو باڵیۆزخانەی ئەمریکا.
دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
ئیدانەى ئەو هێرشە مووشەکییە دەکەین کە شەوى رابردوو باڵیۆزخانەى ئەمەریکاى لە بەغدا کردە ئامانج. ئەم کردەوانە مەترسیى راستەقینە لەسەر دۆخ و سەقامگیرى و بەرژەوەندییەکانى عێراق دروست دەکەن، دووبارەبوونەوە و بەردەوامیشيان، لێکەوتە و ئەنجامى خراپیان بۆ سەر وڵات دەبێت.
پاراستنى ئاسایشى باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماتییەکان ئەرکى لایەنە بەرپرسەکانە و نابێ ڕێگە بدرێت یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل بکرێن و دیپلۆماتکاران و نێردە دیپلۆماتییەکان بکرێنە ئامانج. دووپاتى دەکەینەوە کە نابێت عێراق بکرێتە گۆڕەپانى یەکلاکردنەوەى ململانێى هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان.
نێچيرڤان بارزانى
سەرۆکى هەرێمى کوردستان
27/1/2020
