بەڕێوەبەری شارۆچکەی دینارتە: بەهۆی بۆردوومانی تورکیا چوار هاونیشتمانی بێسەروشوێنن

بەڕێوەبەری شارۆچکەی دینارتە: بەهۆی بۆردوومانی تورکیا چوار هاونیشتمانی بێسەروشوێنن
ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوندێکی شارۆچکەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێیان بۆردوومانکرد، بەڕێوەبەری شارۆچکەکەش دەڵێت، لەدوای رووداوەکە چوار هاونیشتمانی بێسەروشوێن بوونە.

شەعبان خەلیل، بەڕێوەبەری شارۆچکەی دینارتە راگەیاند "بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، چوار کەسی مەدەنی گوندەکە کە بە مەبەستی کێڵانی زەوییەکانیان و کۆکردنەوەی سەوزە لەسەر زەوییەکانیان بوون بێسەروشوێنن".

بە گوتەی شەعبان خەلیل، یەکێك لەو هاونیشتمانییانە تەلەفۆنێكی بۆ کەسە نزیکەکانی کردووە و داوای بەهاناوەچوونی کردووە، پاشان تەلەفۆنەکەی داخراوە و هیچ شتێک لەبارەیانەوە نازانرێت، لێکۆڵینەوەش لەوبارەیەوە دەستیپێکردووە".

بەڕێوەبەری شارۆچکەی دینارتە باسی لەوە کرد، گوندەکە ئاوەدان نییە، بەڵام خەڵکی ئەوێ بە مەبەستی کشتوکاڵی و کێڵانی زەوییەکانیان سەردانی دەکەن.

هاوکات جەوھەر محەممەد، دانیشتووی گوندی بامشمش لەنزیک شوێنی بۆردوومانەکە گوتی "گوندەکە نزیکە 20 کیلۆمەتر لە ئێمەوە دوورە. هەرچەندە خەڵکی ئێمە و گوندەکانی دیکەش دەچنە ئەوێ، بەڵام بەهۆی وەرزی زستان رێگەی ئۆتۆمبێل بۆ چوونە گوندەکە داخراوە و ئەوانەی سەردانی دەکەن دەبێت بە پیادە بچنە گوندەکە".
Top