مەسرور بارزانی و وەزیری بەرگریی عێراق دوا پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

مەسرور بارزانی و وەزیری بەرگریی عێراق دوا پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد
ئەمڕۆ شەممە 2020/1/25 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە "نەجاح ئەلشەمەری" وەزیری بەرگریی عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا دوا پەرەسەندن و پێشهاتەکانی بارودۆخی عێراق تاوتوێ کران و جەخت لەسەر گرنگیی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە کرایەوە، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا کە تیرۆریستانی داعش ئێستا لە چەند ناوچەیەکی عێراق بوونەتە مایەی هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر دانیشتوان و پێویستە هەماهەنگییەکی باشتر لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا هەبێت و بە شێوەیەکی هاوبەش رووبەڕووی ئەو مەترسییانە ببنەوە، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

وەزیری بەرگریی عێراقیش وێڕای ستایشکردنی هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگری عێراق کە رۆڵێکی کاریگەری لە تێکشکاندنی داعشدا هەبووە، ئامادەییشی بۆ هەماهەنگی زیاتر لەو بوارەدا دەربڕی.









باسنيوز


Top