عەبدولمەهدی سوورە لەسەر جێبەجێكردنی پرۆژەكانی ناو ڕێككەوتنی عێراق و چین
بە پێی زانیارییە میدیاییەكانی عێراق و جیهان، لە بنەمادا عادل عەبدولمەهدی لەبەر ئەو ڕێككەوتنە ئابوورییە ستراتیژییەی لەگەڵ دەوڵەتی چیندا ئیمزای كرد، لەلایەن ئەمریكاوە گوشاری خرایە سەر و خۆپیشاندانەكانی ناڕەزایی پەرەیان سەند و لە كۆتاییشدا بە دەست لەكار كێشانەوەی سەرۆك وەزیران شكایەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا عەبدولمەهدی وەك سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەریش لە هەوڵەكانی نەوەستاوە بۆ دەستپێكردنی جێبەجێكردنی پرۆژەكانی ناو ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ چین.
نووسینگەی عەبدولمەهدی بڵاوی كردەوە ئەمڕۆ ناوبراو سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە پرۆژەكانی ڕێككەوتنی عێراق و چینی كردووە، تا لە سەرتاپای عێراقدا دەست بە جێبەجێكردنیان بكرێت.
لە كۆبوونەوەكەدا باس لە چۆنیەتی بەدواداچوونی سیاسەتی جێبەجێكردنی پرۆژەكان كراوە، لەگەڵ تەواوكردنی خستنەڕووی گرنگترین پرۆژەكان لەڕووی پەرەپێدانی ژێرخانەوە، بە تایبەتی پرۆژەكانی ڕێگەوبان، گواستنەوە، وزە، نیشتەجێكردن و پترۆكیمیاوییەكان.
باسنيوز
