حەشدی شەعبی دژایەتیی خۆی بۆ دانانی دژەمووشەکی ئەمریکی لە عێراق راگەیاند
کەریم علێوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی فەتح بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، بڕیاری دەرکردنی هێزە ئەمریکی و بیانییەکان بڕیاری پەرلەمانی عێراقە ”بە هەموو پێکهاتەکانییەوە“.
لەبارەی هەواڵی جێگیرکردنی سیستەمی دژەمووشەکیی پاتریۆتی ئەمریکی لەسەر خاکی عێراق، کەریم علێوی رایگەیاندووە، جێگیرکردنی ئەو سیستەمە ئەمریکییە سەروەریی عێراق پێشێڵ دەکات و عێراقییەکان رەتی دەکەنەوە.
پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە 5-1-2020، بەهۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی کورد و سوننە، بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لە عێراق، پەسەند کرد.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز
