سەرکردەیەکی عەرەبی عێراقی: سەرۆک بارزانی سیمبولێکە و جگە لە کورد بەرگری لە ئێمەش کردووە

سەرکردەیەکی عەرەبی عێراقی: سەرۆک بارزانی سیمبولێکە و جگە لە کورد بەرگری لە ئێمەش کردووە
سه‌رۆکی حزبی ئوممەی عێراق، دەوڵەتەکەی بە ”شکستخواردوو“ وەسف دەکات و رای دەگەیەنێت کە پێویستی بە هاوکاریی نێودەوڵەتییە. هاوکات باسیش لە سەرۆک بارزانی دەکات و بە سیمبولێکی دەزانێت کە جگە لە کورد، بەرگری لە عەرەبیش کردووە.

میسال ئالووسی، سەرۆکی حزبی ئوممەی عێراق کە بە دۆستایەتییەکەی لەگەڵ کورد ناسراوە رايگەیاند، چەند کوتلەیەکی پەرلەمان وەک بینا و سائیروون، گەورەترین ئاستەنگن لەبەردەم دۆزینەوەی شوێنگرەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە حکوومەت و حزبەکانی عێراق و میلیشیاکان، ”کەوتوونەتە حاڵەتی شەڕکردن و هەموویان بە چەک بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی ئاشتییانە وەستاون، خەڵکی لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵ دەستگیر دەکەن و ئەشکەنجەیان دەدەن، دەیانەوێت ڕاستییەکان بشێوێنن“.

ئەم کارانەشی بە پێچەوانەی دەستوور و مافەکانی مرۆڤ لە قەڵەم دا، بۆیە رای گەیاند: ”عێراق ده‌وڵه‌تێکی شکستخواردووە، پێویستیی به ‌هاوکاریی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یە“.

ئالووسی نایشارێتەوە کە هەرێمی کوردستان ”باشترین کار“ی کردووە بەوەی گوتوویەتی، رازی نیم هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بڕوات، چونکە ”دەبێت هاوپەیمانان ئەوە بزانن کە بوونی میلیشیاکان مەترسین لەسەر عێراق“.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا میسال ئالووسی باسی لە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە سەقامگیریی دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و رای گەیاند کە سەرۆک بارزانی ”شۆڕشگێڕی چیاکانە و سیاسەتمەدارێکی مرۆڤدۆستە و دڵفراوانیی ئەو نەبووایە، هەندێک هەرزەی سیاسی دۆخەکەیان بە ئاقارێکی دیکەدا دەبرد“. ڕوونیشی کردەوە کە پێگەی هەرێمی و نێودەوڵەتیی سەرۆک بارزانی دەکرێت ببێتە هۆکاری پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.

دووپاتیشی کردەوە کە سەرۆک بارزانی جگە لەوەی ”داوای مافی رەوای گەلەکەی خۆی کردووە، بەرگری لە عەرەبەکانی عێراق و هەموو پێکهاتەکانی عێراق کردووە تاوەکوو مافەکانی خۆیان وەربگرن، بۆیە بارزانی بووەتە سیمبول“.











باسنيوز

Top