فەرماندەیەکی پێشمەرگە: بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیاوە، پەکەکە لە شنگال بەشێک لە بارەگاکانی جێهێشتووە
قاسم دەربۆ، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال رایگەیاند، پەکەکە بەشێک لە بارەگاکانی لە شنگال چۆڵ کردووە و بەشێک لەو چەکدارانەشی کە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان بوون، شنگالیان جێهێشتووە.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە لە شنگال پەکەکە چووەتە قۆناغی خۆشاردنەوە لە ترسی بۆردومانکردنی بارەگاکانی لە لایەن فڕۆکە جەنگی و بێفڕۆکەوانییەکانی تورکیاوە.
دەربۆ ڕوونی کردەوە کە ئەو هێزانەی کشاونەتەوە، شوێنەکانیان لە لایەن ئەو هێزانەی پەکەکەوە پڕکراونەتەوە کە لە کەسانی نێوخۆی شنگال پێکهاتوون.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا چەندان جار فڕۆکە جەنگی و بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا هێرشیان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە شنگال کە دوایینیان، لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا بوو و بەهۆیەوە بەرپرسێکی باڵای یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) کوژرا.
باسنیوز
