هێزەکانی تورکیا گومانلێکراوێکی دۆسیەی کوشتنی دیپلۆماتکارەکەی هەولێریان دەستگیر کرد
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵووی سەر بە حکوومەتی تورکیا، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی پۆلیسی تورکیا و دەزگای هەواڵگریی میتی ئەو وڵاتە، لە شڕناخی باکووری کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ١ی ٢٠٢٠، گومانلێکراوێکیان دەستگیر کردووە.
هاوکات ئاشکرا کراوە کە پیتی یەکەمی ناوی گومانلێکراوەکە (ف.چ)یە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکە لەمبارەیەشەوە ئاشکرا نەکراوە.
پێشتریش لە کۆتایی مانگی ١٢ی ٢٠١٩دا، دادگای تورکیا دەستگیرکردنی دوو گومانلێکراوی دیکەی لە شڕناخ بە هۆی هەمان تاوان ڕاگەیاندبوو.
ڕۆژی ١٧ی ٧ی ٢٠١٩، لە ڕێستورانتی (هۆقەباز) لە شاری هەولێر، لە لایەن سێ چەکدارەوە، دیپلۆماتکارێکی کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر لەگەڵ دوو هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان، کرانە ئامانج و هەرسێکیان گیانیان لەدەست دا.
هەر چەند ڕۆژێک دواتر، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا دەقی دانپێدانانی ژمارەیەک لە ئەنجامدەرانی تاوانەکەی بڵاو کردەوە کە دانیان بەوەدا نا، لە لایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە بۆ ئەنجامدانی کارەکە ڕاسپێردراون.
باسنيوز
