کەمئەندامانی هەولێر خۆپیشاندانێک دژی نادادپەروەری لە مووچە ساز دەکەن
دلێر کۆیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی ژین بۆ پەرککەوتوونی دەست و پێ رایگەیاند، خۆپیشاندانەکە کاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 22-1-2020، لەبەردەم کۆمەڵەی ژین، ئەنجام دەدرێ.
لەو خۆپیشاندانەدا هەموو خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی شاری هەولێر بەشداری دەکەن و داوای زیادکردنی مووچەی کەمئەندامی، دەکەن.
دلێر کۆیی هەروەها رایگەیاند، کە کەمئەندامان نیگەرانن لەوەی لە پرۆژەیاسای چاکسازی، کە لە رۆژی 16-1-2020 لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا، هیچ ماددەیەکی لەبارەی مافەکانی کەمئەندامان و زیادبوونی مووچەکانیان، تێدا نییە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک هاوکارییەکی مانگانە، بڕی 150 هەزار دینار بە کەمئەندامان دەدات.
کەمئەندامان بەتایبەت ئەوانەی رێژەی کەمئەندامییان بەرزە، پێیان وایە ئەو مووچەیە زۆر کەمە و بەشی ژیانی کەسێکی کەمئەندام ناکات.
باسنیوز
