تەندروستیی سلێمانی: لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی نەخۆشەكەی نەخۆشخانەی شار دەکەین

تەندروستیی سلێمانی: لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی نەخۆشەكەی نەخۆشخانەی شار دەکەین
بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، ڕای دەگەیەنێت لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەمان لەسەر كەیسی گیانلەدەستدانی ئەو هاووڵاتییە پێك هێناوە کەلە نەخۆشخانەی "شار"ی سلێمانی گیانی لەدەست داوە و بێگومان ئەگەر بزانین كەمتەرخەمی هەبووە، بەپێی یاسا لێكۆڵینەوە دەكەین و كەسانی كەمتەرخەم ڕووبەڕوی سزای یاسایی دەكەینەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 21/1/2020 د. سەباح هەورامی، بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند: "بە هاوبەشی داواكاریی گشتی و نوێنەری پارێزگاری سلێمانی، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەمان لەسەر هۆكاری گیانلەدەستدانی ئەو هاووڵاتیەی كە تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووە و دوای مانەوەی لە نەخۆشخانەی شار گیانی لەدەست داوە، پێك هێناوە و دوای بەدواداچوونی لیژنەكە ئەگەر بزانین كەمتەرخەمی لەناو نەخۆشخانەی شار هەبووە، بەپێی یاسا كەسانی كەمتەرخەم ڕووبەڕووی سزای یاسای دەكەینەوە".

گوتیشی: "بەپێی ئەو بەدواداچوونە سەرەتاییەی لەسەر ڕووداوەكە كردوومانە و ئێستاش بەردەوامە دەركەوتوە، ئەو بەڕێزەی وتارەكەی لەسەر نەخۆشخانەی شار بڵاو كردووەتەوە تەنها باسی بەشێكی ڕووداوەكەی كردووە و ئەگەر نا زۆر شتی ڕاستی و گرنگ هەبووە كە باسی نەكردووە، ئەوەش وای كردووە كەیسی نەخۆشەكە بە ئاڕاستەیەكی دیكەدا بڕوات".

ئاماژەی بەوەش كرد: "تەنها لە ڕۆژی یەكەمدا نزیكەی 11 پزیشكی موقیم و 8 پزیشكی موقیم ئەقدەم و 3 پزیشكی پسپۆڕی بواری نەخۆشییەكانی ئێسك و دەمار نەخۆشەكەیان بینیوە و پشكنینی سیتی سكانی مێشك و ئیشاعەی سنگ بربڕەی مل و حەوزی بۆ كراوە، بەڵام دواجار لیژنەی لێكۆڵینەوە بڕیار دەدات كە ئایا كەمتەرخەمی هەبووە یان بەپێچەوانەوە".

بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، باسی لەوەش كرد: "ناڵێم هیچ كەموكورتییەك لە پرۆسەی چارەسەركردنی نەخۆشەكەدا نەبووە، بەڵام لیژنەی لێكۆڵینەوە بڕیار لەسەر كەموكورتییەكان دەدات".
Top