گەنجێكی كورد بە فەرمی بانگهێشتی كۆمپانیای GOOGLE دەكرێت
بۆكان حەسەن جاف، دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجە، ڕاگەیاند: "لەپای هەوڵدانم بۆ جێگیركردنی زمانی كوردی ناوەندی (سۆرانی) لەسەر ماڵپەڕی جیهانیی GOOGLE، لەسەر بانگهێشتی فەرمی كۆمپانیای GOOGLE، ڕۆژی 28/1/2020، سەردانی نووسینگەی وڵاتی سەنگافوورەی ئەو كۆمپانیایە دەكەم".
گوتیشی: "بڕیارە ماوەی دوو ڕۆژ لە نووسینگەی كۆمپانیاكە لەو وڵاتە بمێنمەوە و لەگەڵ چەندین بەرپرسی باڵای GOOGLE كۆ ببمەوە و چەندین بابەتی مێژوویی باس بكەم".
ئاماژەی بەوەش دا: "ئەم سەردانەم دەبێتە ڕۆژێكی مێژوویی بۆ زمانی كوردی و هیوادارم بتوانم ئەوەی گرنگە بیگەیەنم و بەشدار بم لە كۆنفرانسی لووتكەی كۆمپانیای GOOGLE".
بۆكان حەسەن جاف، لە ماوەی 6 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 100 هەزار داتای بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە و بە ئامانجی دانانی زمانی كوردیی ناوەندی (سۆرانی) لەسەر ماڵپەڕەكە هاوشێوەی زمانە جیهانییەكانی دیكە، لە ماڵپەڕی GOOGLE تۆماری كردووە.
ڕۆژی 20/11/2019، كۆمپانیای GOOGLE لەڕێگەی نووسینگەی وڵاتی سەنگافوورەی كۆمپانیاكەوە خەڵاتی تایبەتی كۆمپانیای پێشكەشی ئەو گەنجە كوردە كرد، كە دیارییەكە پێكهاتبوو لە سوپاسنامەیەكی كۆمپانیاكە و جلوبەرگ و هەندێ شتی تایبەت بە كۆمپانیاكە".
باسنیوز
