ڕێکخراوی ناحکوومیی سویدی لە هاوکاریی مرۆیی و گەشەپێدان بۆ کوردستان بەردەوام دەبێت
بەرپرسی ڕێکخراوی ناحکوومی (سوێدۆ )ی سوێدی بۆ پرسەکانی هاوکاریی مرۆیی و گەشەپێدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و سووریا سوپاسی پێشوازی و پەیوەندیی بەهێز و دۆستانەی نێوان ڕێکخراوەکەیان و پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) کرد و ڕایگەیاند، هەروەک لە ڕابردوودا بۆ ماوەی چەندین ساڵ و لە ساتەوەختە هەستیار و جیاوازەکاندا و لەژێر ناوی ڕێکخراوی (قەندیل)ی سوێدی خزمەتگوزاریی مرۆیی و پڕۆژەی ئاوەدانی و گەشەپێدانیان بێ جیاوازی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە بردووە و لە سەردەمی شەڕ و ئاشتیدا هاوکارییەکانی وڵاتی شاهانەی سوێد بەردەوام بووە و بەتایبەتیش لە سەردەمی هێرش و پەلاماری نامرۆڤانە و تیرۆریستیی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و پێکهاتە ئیتنی و ئایینییەکان و لەسەر ئاستی عێراق و لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریاش ڕێکخراوەکەیان بێ دابڕان و بەردەوام لەو شوێنانە بووە کە پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی بووە و لە دوای هێرش و پەلاماری سەربازیی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستانیش، حکوومەتی شاهانەی سوێد بڕی (١٠) ملیۆن دۆلاری تەرخان کرد بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ ئاوارەکانی شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان. بەرپرسی ڕێکخراوی (سوێدۆ) سوپاس و ستایشی پشتگیری و بەدەنگەوەهاتنی حکوومەتی هەرێم و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانی کرد، کە ئاسانکاری و پشتگیریی بەردەوامیان کردووە بۆ ڕێکخراوەکەیان و ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی تری نێودەوڵەتی کە لە هەرێمی کوردستان چالاکن، تاوەکو بتوانن پڕۆژەکانیان سەرکەوتووانە جێبەجی بکەن، لە کاتێکدا لە ناوخۆی عێراق و سووریا بە دەیان کۆسپ و تەگەرە و ڕێگری لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان کراوە، کە بتوانن وەکو پێویست هاوکارییە مرۆییەکان بگەیەننە خەڵکی ئاوارە و پەنابەر کە لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا خاتوو مارتا ڕۆیداس، هەماهەنگیکاری مرۆییی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، نیگەرانیی زۆری نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاندووە لەو ڕێگرییە ڕۆتینیانەی کە لە خاڵەکانی چوونە ژوورەوە بەرانبەر بە تیمەکانی هاوکاریی مرۆییی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق پەیڕەو دەکرێت بەهۆی سەرهەڵدانی ئاژاوە و توندوتیژییەکان و پاشاگەردانی لە عێراق و لە خاڵەکانی پشکنین کە دەبنە هۆی کەمبوونەوەی دەستگەیشتنی هاوکاریی مرۆیی بۆ ٢،٤ ملیۆن عێراقی کە پێویستیان بە هاوکارییە، کە بەهۆیەوە ئۆپەراسیۆنەکانی هاوکارییە مرۆییەکانی ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی خستووەتە بەردەم مەترسیی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی هەژار و ئاوارە. لە ماوەی ساڵی ٢٠١٩دا کۆمەڵگای مرۆیی لەناو عێراق بە بڕی ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی کارەکانی بەڕێوە بردووە بۆ گەیاندنی هاوکاری بە ١،٧٥ ملیۆن ئاوارەی گەڕاوە و لە کۆمەڵگا هەژارەکاندا لە (١٣٠٠) شوێن لە باکوور و ناوەڕاستی عێراق و هەرێمی کوردستان. کۆمەڵگای مرۆیی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ داوای (٥٢٠) ملیۆن دۆڵاری ئەمەریکی کردووە بۆ بەردەوامبوون لە کاری مرۆییی زۆر پێویست لە عێراقدا، بەڵام بەهۆی توندوتیژییە ناوخۆییەکانی عێراقەوە مەترسیی زۆر بۆ سەر گەیاندنی کۆمەک و هاوکاریی مرۆیی لە عێراق هاتووەتە ئاراوە، کە ئەگەر حکوومەتی عێراق ڕێوشوێنی پێویست نەگریتە بەر، ئەوە زیان بە کۆی جووڵانەوەی هاوکارییە مرۆییەکان لە عێراق دەگەیەنێت و پەکی دەخات. سەرەڕای دۆخی ناوخۆییی عێراق و کاریگەرییەکانی بۆ سەر ناوچەکە، بەڵام بەهۆی هاوکاری و کارئاسانییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە کە بۆ کاری ڕێکخراوە ناحکوومییەکان پێشکەشی دەکەن، دۆخی سیاسی و حوکمڕانی و ئەمنی لە عێراق کاریگەریی نەبووە لە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ سەر جووڵانەوەی ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی تر لە هەرێمی کوردستان.
