لە هەرێمی كوردستان یەك ملیۆن و ٢٥٥ هەزار مووچەخۆر هەن
بە پێی ئەو سیستەمە ئەلیكترۆنیە ناوەندییە، لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر لە یەك ملیۆن و ٢٥٥ ھەزار مووچەخۆر ھەن، كە مانگانە مووچە لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان وەردەگرن، تۆماركردنی مووچەخۆران لەو سیستەمە جگە لەوەی سوودی گەورەی ھەیە بۆ حكوومەت، وەك پرۆژەیەكی ستراتیجیی نیشتمانی، ئامانج لێی پاراستنی ماف و زامنكردنی شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانیشە.
لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بەوە درا كە سیستەمی بایۆمەتری دەبێتە بنەمایەك بۆ بڕیارەكەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان تایبەت بە دووبارە دابەشكردنەوەی میلاك و رێكخستنەوەی پەیكەری دامودەزگاكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، كە بەشێكی قۆناغەكانی چاكسازییە.
جێی باسە یەكێك لە مادەكانی یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە، كە پەرلەمانی كوردستان لە چەند رۆژی رابردوو پەسەندی كرد، پشت بەستنە بە ئامار و داتاكانی بایۆمەتری.
باسنیوز
