لایەنەكان پاڵپشتی حكوومەت دەكەن لە ئەنجامدانی چاكسازی

لایەنەكان پاڵپشتی حكوومەت دەكەن لە ئەنجامدانی چاكسازی
دوای پەسەند کردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە پەرلەمانی کوردستان، لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکوومەتی ھەرێم، پەسەند کردنی پڕۆژەیاساکە بە کارێکی گرنگ و پێویست دەزانن و پشتگیری لە ھەنگاوەکانی حکوومەت دەکەن بۆ جێەجێکردنی یاساکە.

لایەنە سیاسییەکان و ھاووڵاتیانیش چاویان لەوەیە پڕۆژەیاساکە گۆڕانکاری لە ژیان و گوزەرانی خەڵك بکات و ستایشی ھەوڵەکانی سەرۆکی حکوومەت و کابینەی نۆیه‌م دەکەن بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەکە. بەرپرسێکی پارتی دەڵێت "بنیاتنانی کوردستانێکی بەھێز دروشمی پارتی بووە لە ھەڵبژاردنی رابردوودا، بۆیە بناتنانی کوردستانێکی بەھێز بە رێکخستنەوەی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی وڵات دەکرێت، بە چەمكی سیاسیش بەم کارە دەوترێت چاکسازی".

ئەندامێکی ئەنجوومەنی گشتی سەرکردایەتی یەکێتیش پەسەند کردنی یاسای چاكسازی بە ھەنگاوێکی باش ناودەبات، دەشڵێت "دەبوایە زووتر چاکسازی بکرایە و دەبێت چاکسازی سەرجەم بوارەکان بگرێتەوە، وەکو یەکێتیش پشتگیری لە ھەموو پڕۆژەیەکی چاکسازی دەکەین".

بزووتنەوەی گۆڕانیش لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی رابردووی جڤاتی نیشتمانیاندا پشتگیری پەسەند کردنی پڕۆژەیاساکەیان کردووه‌، بە پێویسیتی ده‌زانن ھەنگاوەکانی چاکسازی خێراترو باشتر بکرێت و زۆر بواری دیکەش بگرێتەوە.





K24
Top