شەپۆلێکی بەفر و باران لە باکوور، باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان ئاستەنگی هاتووچۆ دروستدەکات
لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، 20 بۆ 30 سانتیمەتر، لە دینارتە و کانیماسی و ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک 30 بۆ 40 سانتیمەتر و لە حاجی ئۆمەران و ناوچە شاخاوییەکانی سنووری هەولێر 40 بۆ 50 سانتیمەتر بەفر باریوە.
لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بەفربارینەوە ئاستەنگی هاتووچۆ دروستبووە، لە سنووری پیرانشار، نەغەدە و شنۆ لە پارێزگای ورمێ بەفربارین بەردەوامە، بەتایبەت لە تەمەرچیان بۆ پیرانشار.
هاوکات بەهۆی بارینی بەفر و دابەزینی پلەی گەرما، بەشێک لە قوتابخانەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و لوڕستان خوێندن تێیاندا راگیراوە. رێکخراوی کەشناسیی ئێران پێشبینیی کردووە، بارینی بەفر تاوەکو دووشەممە 20-01-2020 بەردەوام دەبێت و هۆشداری دروستبوونی لافاویشی لە پارێزگاکانی ئیلام و لوڕستان داوە.
بەفربارین لە هەندێک شوێنی پارێزگای ورمێ بەشێوەیەکە کە زیاتر لە 60 سانتیمەتر بەفر باریوە و 12 قوتابخانە خوێندن تێیاندا راگیراوە. لە پارێزگای سنە قوتابخانەکانی سەر بە شارەکانی بانە، دیواندەرە، سەقز و ناوچەی زێویە خوێندن تێیاندا راگیراوە. هاوکات لە پارێزگای لوڕستان قوتابخانەکانی سێ ناوچە خوێندن تێیاندا راگیراوە.
لە باکووری کوردستانیش بەفرێکی زۆر باریوو؛ بەفرەکە بووەتە هۆی داخستنی رێگەی نێوان ژمارەیەکی زۆر گوند و شارۆچکە، لەگەڵ ئەمەشدا ژمارەیەکی زۆر گەشتیاریش چوونەتە ناوچەکە.
بەفر ئەرزنجان، قارس، مووش، وان، دێرسیم، شرناخ، جۆلەمێرگ و چەند ناوچەیەکی دیکەی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە و رێگەی سەدان گوند داخراون.
بەفربارین لە هەندێک ناوچەی باکووری کوردستان بەم شێوەیەیە؛ لە جۆلەمێرگ زیاتر لە 30 سانتیمەتر بەفر باریوە و بەهۆیەوە رێگەی 141 گوندی داخراون و رێگەی سەرەکیی جۆلەمێرگ - شرناخ داخراوە. لە دێرسیم 21 سانتیمەتر، لە ئاگری 15 سانتیمەتر، لە قارس 18 سانتیمەتر و لە وان 20 سانتیمەتر بەفر باریوە.
پێشبینییەكانیش بەو جۆرەن کە لە رۆژی هەینییەوە (24-01-2020) بەفربارین و بارانبارین دەستپێدەکەنەوە.
