پۆلیسی سلێمانی ڕۆژنامەنووسێک دەستگیر دەکات

پۆلیسی سلێمانی ڕۆژنامەنووسێک دەستگیر دەکات
لە سەر سکاڵای بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕان، پۆلیسی سلێمانی ڕۆژنامەنووسێک دەستگیر دەکات.

ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ ١٩ی ١ی ٢٠٢٠، سووركێو محه‌مه‌د، سه‌رنووسه‌ری ماڵپه‌رێکی سلێمانی، لەسەر سکاڵای ئارام شێح محه‌مه‌د، جیگری پێشووی سه‌رۆكی پەرلەمانی عێراق، كه‌ ١٦ی ئه‌م مانگه‌ له‌سه‌ری تۆمار کردووە، له‌ بنكه‌ی پۆلیسی ئه‌زمه‌ڕ دەستگیر کرا.

سكاڵاكه‌ى ئارامى شێخ محه‌مه‌د، له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ساڵى ڕابردوو ماڵپه‌ڕەکە بڵاوى کردووەتەوە، جێگرى دووه‌مى پێشووى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق، پێنج ئۆتۆمبێلى حكوومى لایه‌ و دواى ته‌واوبوونى كاره‌كه‌ى، ئۆتۆمبێله‌كانى نەگەڕاندووەتەوە.

پێشتریش ئارام شێخ محەمەد سکاڵای لە دژی ئەو ڕۆژنامەنووسە تۆمار کردووە و هەفتەی رابردوو بە کەفالەت ئازاد کرابوو.

لەمبارەیەوە دیاری محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی داوە، ئەوان لە ١٠ ساڵی رابردوودا له‌ هه‌موو راپۆرته‌كانیان داوایان کردووە‌، بەرپرسان لە کێشەکانیاندا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان، په‌نا بۆ یاسا ببه‌ن و بە یاسا یەکلای بکەنەوە.

جەختیشی کردووەتەوە کە ئەوان ”داوای یاسایی به‌ هه‌نگاوێكی پێشكه‌وتوو ده‌زانن، ئه‌گه‌ر به‌ نیازی گەڕانەوەی (ماف بێت بۆ خاوه‌ن ماف)، نه‌ك بكرێنه‌ فشاری سه‌ر میدیاكان، تا باس له‌ كه‌یسه‌ هه‌ستیاره‌كان نه‌كه‌ن".

سەنتەرەکە داواشی لە پارێزەرانی خۆی و پارێزەرانی ڕێکخراوی (CDO) کردووە، ڕێکارەکانیان بۆ بەرگریکردن لەو ڕۆژنامەنووسە بگرنە بەر.

لە لایەکی دیکەوە کەمێک لەمەوبەر، ماڵپەڕەکەی سوورکێو محەمەد رای گەیاندووە کە دوای گۆڕینی ئەو ماددە یاساییەی کە ڕۆژنامەنووسەکەی پێ دەستگیر کرابوو لە یاسای سزادانی عێراقییەوە بۆ یاسای ڕێکخستنی کاری ڕۆژنامەوانی، بە کەفالەتێکی دارایی ئازاد کراوە.











باسنيوز



Top