باوکی ئامانج بابانی: پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی، پێیان گوتین دۆسیەکە داخراوە و خواحافیزتان بێت!

باوکی ئامانج بابانی: پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی، پێیان گوتین دۆسیەکە داخراوە و خواحافیزتان بێت!
باوکی یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا لە شاری سلێمانی کوژرا، ئاشکرای دەکات کە دۆسیەی کوڕەکەی هێندە ئاڵۆز کراوە، خودی دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی لەنێوان خۆیاندا ئاڵۆزییان لەسەر دۆسیەکە تێکەوتووە.

محه‌مه‌د نوورى، باوكى ئامانج بابانى، ڕايگه‌یاند: "دۆسیه‌کەی ئامانج بابانى و لانه‌ى هاوسه‌رى و منداڵه‌كه‌ى داخراوە“. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە داخستنی دۆسیەکە بە بیانووی ئەوەیە کە لێکۆڵینەوەکان هیچ دەرئەنجامێکیان نەبووە.

ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەوان نازانن چی بکەن و بەرامبەر بە کێ هەڵوێستیان هەبێت، لە کاتێکدا ”ڕووداوەکە ئاسایی نەبووە و دوو ڕۆژنامەنووس و منداڵەکەی گیانیان لەدەست داوە“.

باوکی ئامانج بابانی نایشارێتەوە کە ئەگەر ئەو ڕووداوە لە وڵاتێکی پێشکەوتوو ڕووی بدایە، دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان زیاتر و وردتر هەوڵی ئاشکراکردنیان دەدا، بەڵام: ”لێره‌ پێیان گوتین، دۆسیه‌كه‌ داخراوه‌ و خواحافیزتان بێت!".

ئەوەشی راگەیاند کە: ”ده‌زگا ئەمنییەکانی سلێمانی، خۆشیان باوه‌ڕ به‌ ڕووداوه‌كه‌ ناكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ناهه‌قیان نییه‌ چونكه‌ ئه‌وكاته‌ ڕووداوه‌كه‌ هێنده‌ ئاڵۆز بووه‌، له‌نێوان ئاسایش و پۆلیس ئاڵۆزىیەک هاتبووە ئارا، ئه‌مه‌ش وای كرد دۆسیه‌كه‌ له‌خۆیان تێك بده‌ن".

ئێوارەی ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان بە گەرمی باسی لە ساڵڕۆژی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری گرووپێکی نێو یەکێتی دەکرد، لە کەناڵی (ئێن ئاڕ تی)یەوە هەواڵی تیرۆرکردنی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەکەی بڵاو بووەوە، هەر ئەوکات ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تیرۆرکردنەکەی شەرمەزار کرد و چەندان کەسی دیکەش باسیان لە تیرۆرکردنی کرد، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم و ڕۆژانی دواتر، پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی بەفەرمی و لەگەڵ پیشاندانی چەند بەڵگەیەک رایان گەیاند کە ئامانج بابانی خۆی بکوژی خۆی و هاوسەر و منداڵەکەیەتی، میدیاکانی شارەکە و بەشێک لەو ڕێکخراو و نووسەر و ڕۆژنامەنووسانەی کە نزیکن لە دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتییش هەمان قسەکانی دەزگا ئەمنییەکانیان کردەوە.

تاوەکوو ئێستاش، بەشێک لە خەڵکی هەرێمی کوردستان ئامانج بابانی بە بکوژی خۆی و هاوسەر و منداڵەکەی دەزانن، بەشێکی تریش هێشتا گومان لە ڕووداوەکە دەکەن و پێیانوایە راستیی ڕووداوەکە رانەگەیەندراوە، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی هیچ تۆمارێکی ڤیدیۆیی نییە کە چرکەساتی کوژرانی ئەو خێزانە نیشان بدات.













باسنيوز


Top