سەرۆك بارزانی: کوردستان تیڤی نموونەی میدیای نەتەوەیی و پەباندی بنەماکانی ڕاستگۆییە
سەرۆک بارزانی، بە بۆنەی یادی بیست و یەک ساڵەی دەستبەکاربوونی کەناڵی (کوردستان تیڤی) پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ستاڤ و کارمەندانی دەزگای سەتەلایتی کوردستان کردووە.
لە بەشێک لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا کە وێنەیەکیشی بۆ (گوڵان) نێردراوە، هاتووە: "تەلەڤزیۆنی كوردستان دەستپێكی شۆڕشێكی ڕاگەیاندن بوو لەنێو میدیای هەرێمی كوردستان و نموونەی میدیای نەتەوەیی و نیشتیمانی بووە و هەردەمیش پابەندی بنەماكانی ڕاستگۆیی و هەست بەبەرپرسیارێتی بووە".
دەقی پەیامەکە:
بۆ /بەڕێوەبەر و سەرجەم كارمەندانی كوردستان تی ڤی
بە بۆنەی بیست و یەك ساڵەی دەستبەكاربوونی كوردستان تیڤی گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و هەموو ستاف و كارمەندانی دەزگای سەتەڵایتی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.
تەلەڤزیۆنی كوردستان دەستپێكی شۆڕشێكی ڕاگەیاندن بوو لەنێو میدیای هەرێمی كوردستان و نموونەی میدیای نەتەوەیی و نیشتیمانی بووە و هەردەمیش پابەندی بنەماكانی ڕاستگۆیی و هەست بەبەرپرسیارێتی بووە. كوردستان تیڤی لە ماوەی كاركردنی خۆیدا ڕۆڵی هەبووە لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و خۆشەویستیی نیشتیمان و پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان و لەم بوارانەشدا جێگەی دەستی دیارە و ئەو ڕۆڵە هەمیشە جێگەی پێزانین بووە.
ئەو چاوەڕوانییەش لە دەزگەی سەتەلایەتی كوردستان و كوردستان تیڤی هەیە كە بەتەكنیكی تازە ،كاری پڕۆفیشناڵ ئاوێتەی گیانی نیشتیمانپەروەری و وڵاتپارێزی بكات و پێشەنگ بێت بۆ كار و پیشەی ڕاگەیاندن لەكوردستان.
دووبارە پیرۆزبایتان لێ دەكەم و بمێنن بە خێر و خۆشی
مسعود بارزانی
١٧ـی ١ـی ٢٠٢٠
